شارپرێس:
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەفەرمانێکدا، وەزارەتی داراییو وهفدى دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد کار بۆ جێگیرکردنی موچە، پڕچەککردنو خەرجییەکانی پێشمەرگە لەناو بودجەی سیادیی 2027ی عێراقدا بکەن، بەشێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکاندا.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مافو شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەفەرمانێکی فەرمیدا، وەزارەتی داراییو ئابورییو وهفدى باڵای دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد بۆ ئەوەی کاربکەن لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
بهگوێرهى نوسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە (12,649) لەڕۆژى 6ی تشرینی یەکەمی 2026، جەخت لەوەکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پشکی خۆی لەبودجەی فیدراڵییەوە بەشداریدەکات لەدابینکردنی خەرجییە سیادییەکان کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
لەنوسراوەکەدا هاتوە، پێویستە لەدانوستانەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی (2027)دا، کاربکرێت بۆ دابینکردنی موچە، دەرماڵەو تەواوی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە (لەوانەش پڕۆژەکان، ڕاهێنانو پڕچەککردن) بەپێوەرێکی تەواو یەکسان هاوشێوەی هاوتاکانیان لەحکومەتی فیدراڵیدا.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەپهرلهمانى عێراق کردوەتەوە، بەمەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لەسەرجەم قۆناغەکانی ئامادەکردنو پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027دا.
