چۆن هێزەکانی کیم جۆنگ ئون هەرێمی کۆرسکی ڕوسیایان لەئۆکرانییەکان پاککردەوە؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەریقی یەکەم ڤیتالی شولیکا جێگری وەزیری بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان ڕوسیاو کۆریای باکور، گرنگیه‌كى زۆر گەورەو کەره‌ستەییە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی جیهانیی، ده‌شڵێت، "من تەواو بڕوام وایە کە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیاو کۆریا، خزمەت بەبەرژەوەندییە بنچینەیییەکانی هەردوو وڵات دەکات‌و نەک تەنها لەناوچەکەدا، بەڵکو لەسەرتاسەری جیهانیشدا ئاشتیی‌و سەقامگیریی دەپارێزێت".


وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشکرایکرد، ڤیتالی شولیکا بەنوێنەرایەتیی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، سوپاس‌و پێزانینی قوڵی مۆسکۆی گەیاندوەتە سەرکردایەتیی‌و گەلی کۆریاى باکورو بەتایبەتی سەرۆکی دەوڵەت کیم جۆنگ ئون.

شولیکا تیشکیخستەسەر ڕۆڵی تایبەتی سەربازانی کۆریا لەپاککردنەوەی هەرێمی «کۆرسک» لەهێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا هاوشان لەگەڵ بەشداریی کارایان لەپڕۆسەکانی پوچەڵکردنەوەی مین‌و بونیادنانەوەی ژێرخانی ناوچەکە لەناو خاکی ڕوسیادا.

ئەم لێدوانە فەرمییانە پاش ئەوەدێن، پێشتر ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا لەمۆسکۆ لەگەڵ چۆی سۆن هوی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور کۆبوەوە.

پوتن لەکاتی کۆبونەوەکەیدا لەکۆشکی کرێملین جەختیکردەوە، دەوڵەتی ڕوسیا بەفەرمی ڕێز لەمێژوو و ناوی ئەو سەربازانەی کۆریای باکور دەگرێت کە لەپڕۆسە سەربازییە تایبەتەکەدا بەشداربون‌و ناویان هاوشانی ناوی سەربازە کۆچکردوەکانی ڕوسیا، بەبەرزیی دەهێڵێتەوە.

هەرێمی کۆرسک لەڕوی مێژویی، یاسایی‌و نێودەوڵەتییەوە بەتەواوی خاکی ڕوسیایەو دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لەسەر سنوری باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەم هەرێمە لەپاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەساڵی 1991، بەفەرمی وەک بەشێک لەسەروەریی خاکی کۆماری فیدراڵی ڕوسیا ناسێندراوەو هیچ کاتێک لەمێژوی هاوچەرخدا سەر بەئۆکرانیا نەبوە، هۆکاری زۆربونی ناوی ئەم هەرێمە لەهەواڵەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەئابی 2024دا سوپای ئۆکرانیا هێرشێکی کتوپڕی کردەسەر ئەو ناوچەیەو چەند بەشێکی لێ کۆنترۆڵکرد، بۆیە ئێستا ڕوسیا بەهاوکاریی هێزەکانی کۆریای باکور خەریکی پاککردنەوەو گێڕانەوەی تەواوەتی ئەو بەشانەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی.

چاودێرانیش پێیانوایه‌، ئەم پەرەسەندنە نوێیە، هاوپەیمانێتیی سەربازیی‌و جیۆپۆلەتیکیی نێوان مۆسکۆو پیۆنگیانگ دەخاتە قۆناغێکی زۆر قوڵترەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگیی هێز لەجەنگی ئۆکرانیادا دەبێت.