شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێمی
کوردستان بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024، بریتییە لە 14.14٪ و دەبێت
ئەم ڕێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی،
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران،
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران دانوستانەکانی نێوان شاندی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی
2027 تاوتوێ کرد. لەم بارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی
دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024، بریتییە
لە 14.14٪ و دەبێت ئەم ڕێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی
فیدراڵیدا.
بەپێی راگەیەنراوێک، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر دابینکردنی موچە و شایستە
داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی
و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی کردەوە، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە ناوچەکانی
دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە هیچ ناکۆکی یان کۆتوبەندێکی ناڕەوا، ئەوەش بە پشتبەستن
بە دەستوور و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی.
شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبونەوەکانی ئەم
دواییەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێشکەش کرد و ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی
بۆ شاندەکە دووپات کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستوری
کە مافەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییان بپارێزێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار
و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتنی
بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. بەپێی بڕیارەکە، خاوەنکاران 90 ڕۆژی کاریان لە
بەردەستە بۆ ئەوەی بە تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە و لە سزاکان لێخۆشبوونیان
بۆ دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ خاوەنکاران و زیادکردنی داهاتی سندوقی دەستەبەری
کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتکردنی کرێکاران.
