شارپرێس:
دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگیو ژمارەیەک لەتۆمەتبارانی دیکەى دۆسیهى لالهزار دەردکردو لاهور شێخ جەنگی بهزیاتر لهپێنج ساڵ سزادرا.
دادگای تاوانەكانى سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا بڕیاری کۆتاییو یەکلاکەرەوەی خۆی لەدۆسیەی (لالەزار)دا ڕاگەیاند، پاشئەوەی دەستەی دادوەران لەکۆبونەوەی داخراوی ڕاوێژکاریی خۆیان هاتنە دەرەوەو دەقی حوکمە قورسەکانیان بەسەر سەرکردەی بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگیو سەرجەم تۆمەتبارانی دیكهى ناو دۆسیەکەدا خوێندەوە.
بهگوێرهى بڕیارە فەرمییەکانی دادگا، سزاکانی زیندانیکردن بەشێوازێکی جیاواز بەسەر تۆمەتباراندا جێبەجێدەکرێن:
لاهور شێخ جەنگی: حوکمی 5 ساڵو 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
پۆڵاد شێخ جەنگی: حوکمی 3 ساڵو 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
ڕێبوار حامی حاجی غالی: حوکمی 2 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
(پێشەوا، بۆتان، ڕێنوارو ڕێبوار): هەریەکهیان بەجیا حوکمی 2 ساڵو 6 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
(سەربەست، ڕەمەزانو ئاراس): هەرسێکیان پێکەوە حوکمی یهك ساڵو شهش مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
لهبەرامبەر ئەم سزایانە، دادگای فەرمی بەهۆی کەمبونی بەڵگەی پێویست یان یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی مەلەفەکانیان، بڕیاری ئازادکردنی دەستبەجێی بۆ هەریەکە لە(کەیوانو محەمەد شێخ) دەرکردو بێتاوانیی ئەوانی لەم کەیسەدا ڕاگەیاند.
ئەم سزا یەکلاکەرەوانە، لوتکەی ململانێ یاساییو سیاسییەکانی دۆسیەی لالەزار جێگیردەکەن، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت تیمی پارێزەران لەماوەی یاساییدا تێهەڵچونەوە (تمییز) دژ بەم بڕیارانە پێشکەشبکەن، بەتایبەت کە دۆسیەیەکی دیكهى جیاواز بهگوێرهى مادەی 406 (کوشتنی بەئەنقەست) لە 28ی ئەم مانگەدا چاوەڕوانی تیمی یاسایی لاهور شێخ جەنگی دەکات.
