له‌نەجەفه‌وه دژى دروستکردنی وەزارەتی نوێ‌‌ ده‌نگى ناڕه‌زایى به‌رزبوه‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەدرەدین قەبانچی ئیمام‌و وتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف هێنانەکایەی سێ وەزارەتی نوێ‌و دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆک وەزیرانی بەکارێکی بێ پاساوی ڕاستەقینە وەسفکردو جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ لەکاتێکدا، عێراق بەدەست قەیرانێکی دارایی قورسەوە دەناڵێنێت".

قەبانچی لەوتاری نوێژی هەینیدا ڕایگەیاند، "پێکهاتەی حکومەت پاش دەنگدانی پەرلەمان لەسەر وەزارەتەکانی (ناوخۆ، بەرگریی، پلاندانان، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیریی، ئاوەدانکردنەوە، کار، لاوان‌و وەرزش، گەشتوگوزار، وەزارەتی دەوڵەت‌و وەزارەتی ئابوریی دیجیتاڵی) تەواو بوە، بەڵام تێبینیی توندمان لەسەر دروستکردنی هه‌رسێ وەزارەتی نوێ (ئابوریی دیجیتاڵی، گەشتوگوزارو وەزارەتی دەوڵەت)ه‌ لەگەڵ زیادکردنی چوار پێگەی جێگری سەرۆک وەزیران".

وتاربێژی هەینی شارى نه‌جه‌ق جەختیکردەوە، "مەرجەعیەتی باڵای ئایینی پێشتریش چەندینجار ئامۆژگاریى دەسەڵاتدارانی کردوە کە ڕێگه‌ لەبەفیڕۆدانی سامانی گشتیی بگرن، له‌ئێستاشدا دروستکردنی ئەم وەزارەت‌و جێگرانە تەنها بارگرانیی دارایی سەرشانی دەوڵەت قورستر دەکات‌و عێراق هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینەی به‌م پۆست‌و وه‌زاره‌تانه‌ نییە".

ئەم گۆڕانکارییانە پاش ئەوەدێن، په‌رله‌مانى عێراق، ئێوارەی پێنجشەممە، دەنگی لەسەر سێ جێگر بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و 11 پاڵێوراو بۆ وەزارەتە بەتاڵەکاندا (لەنێویاندا وەزیرێکی دەوڵەت)، بەبێ یەکلاییکردنەوەی وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەران.

ئەم ڕەخنە توندەی نەجەف نیشانەی قوڵبونه‌وه‌ی ناڕەزایەتییەکانە دژ بەفراوانکردنی پێکهاتەی حکومەت، کە لەجیاتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەکاتی تەنگژەی ئابوریدا، پۆستی حزبی‌و وەزیریی زیاتر بۆ ڕازیکردنی لایەنەکان زیاد دەکات.

بەپەلە