ئۆجەلان بۆ ژنانی کوردستان: لە هەر ساتێکدا پێویستتان پێم بێت لەگەڵتاندا دەبم

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵا ئۆجەلان رایدەگەیەنێت،" مانای ژیان، بۆ من، لە ئازادانە ژیانی ژندا بەرجەستە دەبێت"، دەشڵێت،" لە هەر ساتێکدا پێویستتان پێم بێت لەگەڵتاندا دەبم، بەردەوام دەبم لە بیرکردنەوە و بەرهەمهێنان لەگەڵتاندا ".


ئەمڕۆ هەینی، کۆنفڕانسی ژنۆلۆژیى لە ئەوروپا دەستیپێکرد و بریارە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت، کە تێیدا کاروچالاکییەکانی 18 ساڵی ڕابردوی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا دا هەڵدەسەنگێندرێن، هاوکات عەبدوڵا ئۆجەلانیش پەیامێکی ئاڕاستەی کۆنفڕانسەکە کرد.

عەبدوڵا ئۆجەلان لەپەیامێکدا دەڵێت،" لە منداڵیمەوە پەیجورێکم هەیە لە ناخمدا هەڵمگرتووە: بینینی بوونی ئازادانەی ژن و کردنەوەی بواری ژیانێک کە شایستەی بێت. ئەم پەیجوورەم، بە دوورخستنەوەی هاوڕێیانی یارییەکانم و بە ڕۆشتنی خوشکەکەم بە فەردەیەک ساوەر، هێندەی تر قووڵتر بووەوە. لە بەرخودانی بێدەنگی ژنانی گوندەکە و شوێنپێی دایکەخوداوەندەکان بینیم کە ڕزگاری ژن موومکینە".

وتیشی،" منیش بە دوای شوێنپێیەکانی ئەواندا غارم دا. هەمیشە شوێنپێی ئەوانم هەڵگرت. چونکە دەمزانی کە قووڵترین برینی کۆمەڵگە، کۆیلەکردنی ژن بوو. بێ تێگەیشتن لەمە نه ئازادی، نه یەکسانی و نه دیموکراسییەکی ڕاستەقینەش موومکین دەبوو ".

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:

“ڕێهەڤاڵانی خۆشەویست… هەڵگرانی هۆشیاری و ڕەنجی ژنۆلۆژی، بنیاتنەرانی ژیانی ئازاد…
هەر لە منداڵیمەوە پەیجوورێکم هەیە لە ناخمدا هەڵمگرتووە: بینینی بوونی ئازادانەی ژن و کردنەوەی بواری ژیانێک کە شایستەی بێت، ئەم پەیجوورەم، بە دوورخستنەوەی هاوڕێیانی یارییەکانم و بە ڕۆشتنی خوشکەکەم بە فەردەیەک ساوەر، هێندەی تر قووڵتر بووەوە، لە بەرخودانی بێدەنگی ژنانی گوندەکە و شوێنپێی دایکەخوداوەندەکان بینیم کە ڕزگاری ژن موومکینە، منیش بە دوای شوێنپێیەکانی ئەواندا ڕۆیشتم، هەمیشە شوێنپێی ئەوانم هەڵگرت، چونکە دەمزانی کە قووڵترین برینی کۆمەڵگە، کۆیلەکردنی ژن بوو، بێ تێگەیشتن لەمە نه ئازادی، نه یەکسانی و نه دیموکراسییەکی ڕاستەقینەش موومکین دەبوو.
لە هێنانەئارای ژنۆلۆژیدا ئامانجم تەنها بەرهەمهێنانی چەمکێک نەبوو، پێناسەکردنەوەی بوونی ژن بە ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەیەوە، دەرهێنانی لە ئۆبژەبوون و کردنی بە بکەر، ژیانییترین کارمان دەبوو کە بۆ مێژووی بەجێبهێڵین، ویستم دانایی دایکەخوداوەندەکان و شێوازی ژیانی ژن-تەوەرەیی لە سەردەمی نیۆلیتیکدا کە شارستانیەتی باوکسالاریی هەزاران ساڵە داپۆشیبوو، دووبارە بێنمەوە ئارا، خەنجەری پشت کۆمەڵگە کۆیلایەتیی ژن بوو، بێ دەرهێنانی ئەم خەنجەرە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر نەدەبوو، ژنۆلۆژی، وەک زانستێک لەدایکبوو کە ئەم خەنجەرە پێناسە دەکات، لەو شوێنە دەریدێنێت و لە بری ئەوە زانیاری ژیانی ئازاد دادەنێت.
ئەو ڕەنجەی تا ئەمڕۆ بە ناوی ژنۆلۆژییەوە دراون، ئەوانەی نووسراون، گفتوگۆیان لەسەر کراوە و ڕێکخراون، دەریانخست کە ئەم زانستە لە هەمان کاتدا شێوازێکی ژیانە، وەک هەناسەدانێک بوو بۆ ڕوانگەی ژن، پاککردنەوەی ناسنامەی ژن لە قاڵبە ڕەگەزگەراییەکان، خوڵقاندنی ڕووبەرێکی بیرکردنەوە و کرداری تایبەت بە خۆی، نووسینەوەی مێژووی خۆی، ژیانییترین ئەرک و قەرز بوو کە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بەجێبهێڵدرێت، ئەمانە بوونە بواری خەباتی سەرەکی و شێوازی تێکۆشانی ژنۆلۆژی، بەڵێنی ” ژن وەک ژن لەدایک نابێت، دەبێتە ژن” گرنگە، بەڵام ئەم بوونە، نەک لەناو ئەو سنوورانەی پیاو سەپاندوویەتی، بەڵکو دەبێت بە هێزی خۆیی خۆی بێتە دی، بۆیە گوتمان دەبێت هەر ژنێک ” ژوورێکی تایبەت بە خۆی”، دەنگی خۆی و زانیاری خۆی هەبێت.
من وەک پیاوێک لەم پرۆسەیەدا بەردەوام خۆمم خستە ژێر پرسیارەوە و خۆمم نوێ کردەوە، واتامان بەمەش بەخشی و ئامانجمان ئەوە بوو بە وەرچەرخان لە پیاوێتی دەسەڵاتداری سەدان ساڵە ڕزگارمان بێت، وتم بنەمای سەرەکیی سۆسیالیزم، ئازادیی ژنە، چونکە پێوەری سۆسیالیستبوونی ڕاستەقینەی پیاوێک، بونیادنانی پەیوەندییەکی ڕاست، یەکسان و ئازادە لەگەڵ ژندا، لە زۆربەی ئەزموونە گەورەکانی سۆسیالیزم لە مێژوودا، ئەم بنەمایە کەم بوو، ئەو کەموکوڕییە بووە هۆی نیوەچڵبوونی شۆڕشەکان، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە، ویستم شایستەی دایکەخوایەکان بم. وەرچەرخاندنی پیاو و بانگهێشتکردنی بۆ ئازادبوون لەگەڵ ژندا، بۆ من بووە ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراو.
ئەمڕۆ لە بەردەمماندا پرۆسەیەکی نوێ هەیە، گەڕان بە دوای ئاشتی و دیموکراسیدا، هێندەی پرۆسەیەکی دانوستاندنی سیاسییە، بەهێندەش پرۆسەیەکی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتییە، ژنان پێشەنگایەتی ئەم بنیاتنانەوەیە دەکەن، چونکە تا ئێستا زیاتر لە نیوەی هەر هەنگاوێکی گرنگ کە بەدەست هاتووە، بە ڕەنج، بەرخودان و عەقڵی ژنان هاتووەتە دی، لەمەودواش هەر وا دەبێت. ژنۆلۆژی، دەبێت بەردەوام بێت لەوەی بێتە زەمینەی زانستی و ئایدۆلۆژیی ئەم پێشەنگایەتییە.
لە هەر ساتێکدا پێویستتان پێم بێت لەگەڵتاندا دەبم، بەردەوام دەبم لە بیرکردنەوە و بەرهەمهێنان لەگەڵتاندا، چونکە مانای ژیان، بۆ من، لە ئازادانە ژیانی ژندا بەرجەستە دەبێت.
با ئەم کۆنفرانسە، هێندەی ڕابردووی ژنۆلۆژی، باس لە داهاتووشیی بکات، بەشێوەیەکی ڕاست بوونی ژن پێناسە بکات، زانینی ژیانی ئازاد گەورەتر بکات، پرۆژە نیوەچڵەکەم، بە هێزی ئەم گوفتوگۆیانە خۆی تەواو دەکات، بڕوای تەواوم بە ئێوە هەیە. لەبیری مەکەن کە من هەردەم لەگەڵتاندام.
حەسرەت و خۆشەویستی بێپایانم…
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمراڵی