پەیامێک لەعەلی زەیدییەوە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، تەواوبونی پێکهاتەی وەزاری و دیاریکردنی جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتییە بۆ توانای حکومەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیە نیشتمانییەکان و وزەیەکە بۆ هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان و جێبەجێکردنی پابەندبون و بەرنامەکان کە گەلی عێراق چاوەڕێی دەکات.


عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئێمە دەزانین کە دۆسیەی گەورە و ئاڵۆزمان لە پێشە و خواستەکانی عێراقییەکان پێویستی بە دوو هێندەکردنی هەوڵەکانمان هەیە و گۆڕینی پلان و بڕیارەکانی بۆ ئەنجامی بەرجەستە کە هاووڵاتی لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی پێبکات ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لە ماوەی پێنج مانگدا لە پێکهێنانی حکومەتدا، پێکهاتەی وەزاری تەواو بوو و وەزارەتە بەتاڵەکانمان پڕکردەوە و لە ئێستاوە هەنگاوی خێرا بۆ کاری بێوچان دەستپێدەکەین و بەڵێن بە گەلی عێراقمان دەدەین کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پێشینەکانی حکومەتەکەمان و بەرنامەکەی و وەڵامدانەوەی خواستەکانی عێراقییەکان ".

عەلی زەیدیی باسی لەوەشکرد،" حکومەتەکەمان بە درێژایی مانگەکانی ڕابردوو، بە خۆڕاگری و ئارامی و پابەندبونەوە لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کاری دەکرد و جەنگی ناوچەکەش بەردەوام بوو لە سەپاندنی ئاستەنگە ئابورییەکان بەسەر عێراقدا، جگە لە ئاستەنگە ئەمنییەکان کە پێویستیان بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی و هۆشیاری هەیە ".

لەپەیامەکەی زەیدیی ئەوەش هاتوە،" سەڕەڕای هەموو ئەم بارودۆخانە، بە متمانە و جێگیرەوە هەنگاومان نا بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاریمان کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کرا و بە ورەیەکی نەشکاوەوە کارمان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە زۆر ئاڵۆزەکان و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی کرد و هەنگاوی مێژویمان نا بۆ بەهێزکردنی سەروەری وڵاتەکەمان و سەربەخۆیی بڕیارەکەی، تا گەیشتە کۆتاییهاتنی بونی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا ".

عەلی زەیدیی داوا لە جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکات کە متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن بە بەرزترین ئاستی پابەندبون و لێهاتویی و دەستپاکی و تەرخانکردنی تواناكانیان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان.