شارپرێس:
لەدوریی هەزاران کیلۆمەتر لەجەنگی باشوری
لوبنانەوە، حزبوڵڵا خەریکی چنینو داڕشتنی تۆڕێکی یەکجار مەترسیدارە لەبەرژەوەندیی
بازرگانیو کۆمپانیا سێبەرەکان لەقوڵایی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقیا، بهگوێرهى نوێترین
ڕاپۆرتی «دامەزراوەی بەرگریی لەدیموکراسییەکان» لەواشنتۆن، شێوازەکانی پارەدارکردنی
ئەم حزبە لەوڵاتانی وەک (کۆتدیڤوار، گینیا، سهنیگال، گامبیاو سیێرالیۆن) چوارچێوەی
بەخشینە نەریتییەکانی تێپەڕاندوەو گەیشتوەتە سەر بازرگانیی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو و
کانزا بەهادارەکان، کە گومانی قورسی سپیکردنەوەی پارەی بازرگانییان لەسەرە.
قۆستنەوەی کەرتی دارایی لاواز لەئەفریقیا
ڕاپۆرتەکە ئاشکرایدەکات، بازرگانانی سەر بەحزبوڵڵا،
سستیی سیستمە بانکییەکانو گەندەڵیی کارگێڕیی لەدەوڵەتە ئەفریقییەکاندا دەقۆزنەوە
بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک کۆمپانیای سێبەر تا لەو ڕێگەیەوە پارەکان ڕەوانەی لوبنان
بکەن.
سزاکانی ئەمریکا دژ بەبازرگانانی حزبەکە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەفەرمی سزای بەسەر
هەردوو بازرگانی لوبنانی (عەلی سەعادەو ئیبراهیم تاهیر)دا سەپاندوە، بەتۆمەتی بەڕێوەبردنو
ئاسانکاریکردنی چالاکییە داراییەکانی حزبوڵڵا لەوڵاتی گینیا لەڕێگەی نفوزی سیاسییو
دیپلۆماسییەوە، هاوكات پێشتر کەسایەتیی وەک (ئەدهەم تەباجە)و کۆمپانیای (ئینما بۆ
بیناسازیی) بەهەمان تۆمەتی تێوەگلان لەتۆڕی پارەدارکردنی نێوان کیشوەرەکان خرابونە
لیستی سزاکانەوە.
کەمکردنەوەی پشتبەستن بەتاران
مەترسیی سەرەکیی ئەم تۆڕە لەتوانای گونجاندنی
دێت لەگەڵ سزاکاندا؛ لەژێر سێبەری ئەو گوشارە توندانەی لەسەر ئابوریی ئێران هەیە،
چاودێران پێیانوایە، حزبوڵڵا دەیەوێت ئەفریقیا بکاتە خەزێنەیەکی دارایی ستراتیژیی
تاوەکو ڕێژەی پشتبەستنی بەتەواوەتی بەپارەی تاران کەمبکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنە پیشانیدەدات کە بهرهى دارایی
حزبوڵڵا، سنورەکانی لوبنانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتەواوی تێپەڕاندوەو بوەتە دۆسیەیەکی
ئەمنیی کیشوەر بڕ.
