شارپرێس:
حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لەنێوان
ڕەتکردنەوەی فەرمیو بەهێزیی گوشارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتوەتە ناو قەیرانێکی
کارگێڕیی قورسەوە؛ چونکە هێزە شیعییەکان سەرەڕای دژایەتیی فەرمیی سەرۆک وەزیران، خەریکی
سەپاندنی چوار پۆستی جێگرو سێ وەزارەتی نوێن لەوانە وەزارەتی ژیریی دەستکرد بۆ ئەو
گروپانهى کە چەکیان داناوە، ئەم ناکۆکییە قورسانە پڕۆسەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی
عەلی زەیدییان بەتەواوی پەکخستوە، لەکاتێکدا وڵات بەدەست قەیرانی نەختینەییو
گوشاری داراییەوە دەناڵێنێت.
ڕۆژنامەی مەدا لهڕاپۆرتێكى شیکارییدا پەردە لەسەر پشتپەردەی ململانێی نوێی دابەشکردنی
پۆستەکان لادەدات، سەرچاوەکانی نزیک لەکۆشکی حکومەت ئاشکرایانكردوه، هێزە شیعییەکان
بەمتمانەیەکی زۆرەوە دەجوڵێنەوە، چونکە پێش بەدەستگرتنی دەسەڵات، عەلی زەیدییان بەچەند
مەرجێک کۆتوبەند کردوە؛ لەوانە، ڕاوێژکردن بەچوارچێوهى ههماههنگیى لەسەر هەموو
وردو درشتێکی وڵاتو بەڵێندانی بەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتودا خۆی کاندید نەکاتو حزب
دروستنەکات.
لهو ڕاپۆرتهدا ئاماژه بهوهشكراوه، کاتێک
زەیدیی هەوڵیداوه مەودای جوڵەکانی فراوان بکاتو نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
(کە حەیدەر عەبادی 12 ساڵ لەمەوبەر هەڵیوەشاندبوەوە) زیندوبکاتەوە، ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیی
توند بوەوە، چونكه هێزە شیعییەکان ترسیان هەیە ئەم نوسینگەیە کە لەلایەن عەبدولئەمیر
شەممەری وەزیری پێشوی ناوخۆوه بەڕێوەدەبرێت، دەسەڵاتەکانی وەزارەتی بەرگریی، ناوخۆو
دەستەی حەشدی شەعبی بۆ خۆی ببات.
لهبهشێكى دیكهى ڕاپۆرتهكهدا ئهوهش
هاتوه، لەماوەی هەفتەی ڕابردودا، زەیدیی لە بەردەم لێکەوتەکانی گۆڕینی نرخی دۆلاردا
بەتەنها جێهێڵدرا، پاشئەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوهى ههماههنگى هەوڵیاندا لەبەرپرسیارێتیی
بڕیارەکە ڕابکەن، بەڵام زانیارییەکان ئاماژه بهوهدهكهن، بڕیاری بەرزکردنەوەی
نرخی دۆلار لەناوماڵی عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وەک بەشێک لەسێگۆشهى ئابوریى،
زەیدی (بەرزکردنەوەی دۆلار، نەمانی دامەزراوە قەرزارەکانو وەرگرتنەوەی پارە لەگەورە
گەندەڵکاران) ڕێککەوتنی لەسەرکرابوو.
نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا
بەهۆی ئامۆژگارییەک لەنەجەفەوە، دژی دروستکردنی پۆستی جێگرەکانی سەرۆک وەزیران بوو
بەهۆی بارگرانیی داراییەوە، بەڵام وهكو مهدا نوسیویهتى، "مالیکی لەبەرامبەر
وەرگرتنی هەردوو وەزارەتی گرنگی ناوخۆو خوێندنی باڵا، پاشەکشێی لەهەڵوێستەکەی
کرد".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، عەلی زەیدیی یارمەتیدەر
بوە لەڕابەریکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتۆن بۆ لادانی قەدەغەی سەر لهیس خەزعەلی
(برای قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسایب) تاوهكو بتوانێت پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران وەربگرێت،
بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە، چوار پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران دەدرێتە: موحسین مەندەلاوی
نوێنەری سادقون، ، محەمەد تەمیم حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی، لەگەڵ نوێنەرێکی
کورد (پارتى) کە هێشتا ناوی یەکلانەکراوەتەوە.
لەکاتێکدا حەیدەر عەبودی وتەبێژی فەرمیی
حکومەت داواکاریی زیادکردنی وەزارەتەکان یان
بونی وەزارەتی ژیریی دەستکرد بەتەواوی ڕەتدەکاتەوەو بەبۆچونى تاکی هێزە سیاسییەکانی
ناودەبات، بەڵام عامر فایز سەرکردە لهچوارچێوهى ههماههنگى ڕاستییەکەی درکاندو ڕایگەیاند،
چوار وەزارەتی نوێ جێگیردەکرێنو وەزارەتی ژیریی دەستکرد دەدرێتە محەمەد دەرەجی وەک
پشکی کەتائیبی ئیمام عەلی (بەسەرکردایەتیی شبل زەیدی)، پاشئەوەی پڕۆسەی چەکدانانی
خۆیان ڕاگەیاند.
ههروهها وەزارەتی گەشتوگوزار، پاش جیاکردنەوەی
لەوەزارەتی کولتور، دەدرێتە کەتائیبی سەیدولشوهەدا بەسەرکردایەتیی ئەبو ئالا وەلائی
وەک پاداشتی ڕەزامەندییان لەسەر چەکدانان، وەزارەتی دەوڵەت-یش وهكو وەزارەتێکی نوێ
تایبەتدەکرێت بەپێکهاتەی تورکمان.
ئەم دابەشکارییە نوێیەی پۆستەکان لەسەر بنەمای
بەشبهشێنهى حزبی (محاصصه)، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ناردنی ناوی وەزیرە نوێیەکانە
بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
