شارپرێس:
ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی بڵاویكردەوە، تاران سەركردەكانی حزبوڵای لوبنانی لە پێویستی ئامادەكاری بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕی ئەمریكا لە دژی ئێران ئاگاداركردووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێران دەڵێت، هێرشێكی ئەمریكی نزیكە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن لە پەیامەكەی ئێران بۆ حیزبوڵادا هاتووە: "ئێمە مەزەندە دەكەین كە هێرشی ئەمریكی تەنیا پرسی كاتە، ئێوەش دەبێ ئامادەبن".
هۆشدارییەكانی ئێران دوای ئەوە هات كە ڕاپۆرتە میدیاییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیان بەوە كردبوو كە ئیسرائیل و ئەمریكا تاوتوێی ئەگەری دەستپێكردنی هێرش بۆ سەر ئێران لە پێش هەڵبژاردن لە هەردوو وڵات دەكەن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاوتوێی ئەگەری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی گەورەی لە دژی ئێران پێش هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل و ئەمریكای كرد.
بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە دەستپێكردنەوەی شەڕ دەكەن بە هەڵە وەسف كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ترەمپ پێش هەڵبژاردنی نیوەیی كە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەردا ئەنجام بدرێت، هێرش ناكاتە سەر ئێران.
