حوسییەكان كۆشكی سەرۆكایەتی یەمەنیان لە عەدەن بۆردومان كرد

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 161 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 سەرچاوەكانی حكومەتی یەمەن بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستیان كردەوە كە گروپی حوسییەكان هێرشێكی موشەكییان كردە سەر كۆمەڵگەی كۆشكی سەرۆكایەتی لە شاری عەدەن لە باشوری یەمەن و لانیكەم چوار كەسیان كوشت.

سەرچاوەكان لە شارەكە ڕایانگەیاندووە، گوێیان لە زنجیرەیەك تەقینەوە بووە كە عەدەنی هەژاندووە، لە هەمان كاتدا بینراوە كە دوكەڵێك لە ناوچەكەوە بەرزبووەتەوە كە كۆشكی سەرۆكایەتی لێیە.

دانیشتووانی شارەكە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانییان ڕاگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەكان لە سەرتاسەری شارەكەدا بیستراوە.

ئاژانسی هەواڵی سەبای یەمەن بڵاویكردەوە، حوسییەكان "ناوەندێكی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان" لەناو كۆشكی سەرۆكایەتیدا كردە ئامانج كە ئەفسەرانی سعودی سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكان دەكەن.

دوو بەرپرسی یەمەن بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستیان كردەوە كە شائع زندانی سەرۆك وەزیرانی یەمەن و ئەو وەزیرانەی لە كۆشكی سەرۆكایەتی بوون لە عەدەن سەلامەتن.

هەروەها هێزەكانی حكومەتی یەمەن ڕایانگەیاند كە حوسییەكان شاری مەئریبیان لە ناوەڕاستی یەمەن بە مووشەكی بالیستیك كردۆتە ئامانج، ئەمەش لە كاتێكدایە كە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هەردوولا بەردەوامە.