ترەمپ بیر لەهەڵوەشاندنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدانی نیزاڵ حەسەن دەکاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای زانینی ئەوەی نیزاڵ حەسەن، تەقەکەرەکەی بنکەی سەربازیی "فۆرت هود"  نیوەی خوارەوەی جەستەی ئیفلیجە، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی پڕۆسەی لەسێدارەدانەکەی دەکات.

 کەناڵی CNN بەپشتنەستن بە لیدوانی سەرچاوەی ئاگادار، ئاشکرایکردووە کە دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی گفتوگۆ دەکات لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پلانی پەخشی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدانی نیزاڵ حەسەن، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمریکا، بە ڕێگەی گوللـەبارانکردن.

بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ سەرەتا نەیزانیوە حەسەن، کە بە تاوانی کوشتنی 13 کەس و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە لە هێرشی ساڵی 2009 لە بنکەی "فۆرت هود" تاوانبار کراوە، نیوەی بەشی خوارەوەی جەستەی ئیفلیجە .

پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو پلانی پەخشی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدانەکەی ڕاگەیاندبوو، بەڵام ترەمپ لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە ڕاوێژی لەگەڵ هاوپەیمان و ڕاوێژکارەکانی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، جیفلیجبوونی حەسەن و ئەگەری بەکارهێنانی وێنەکانی لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بۆ درووستکردنی ڕیکلامی پڕوپاگەندە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پلانەکەیە.

ترەمپ ڕایگەیاندووە دوو بۆچوون هەیە: پەخشنەکردنی پرۆسەکە یان پەخشکردنی بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ڕێگرتن لە تاوانەکانی داهاتوو، و بڕیاری کۆتایی خۆی دەیدات.

ئەگەر حوکمەکە لە 3ی کانوونی یەکەم لە بنکەی "فۆرت هود" جێبەجێ بکرێت، یەکەم لەسێدارەدانی سەربازێکی ئەمریکایی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەبێت.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی