شارپرێس:
وەزارەتی کارەبا بڕیارێک
لەبارەی داشکاندنی 50% قەرزی کارەبا دەردەکات، بەڵام لەبڕیارەکەیدا تەنها ئاماژەی بە
هەولێر و دهۆک کردوە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانیش لەسەر هەمان بابەت بڕیارێکی
دیکەی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردوەتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی
هەرێمی کوردستان لەئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" بەمەبەستی کارئاسانی بۆ
هاوڵاتییان، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەینەوە کە سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە
لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک سبەی لە ڕۆژی هەینی لە کاتژمێر 8:30 بەیانی تاوەکو کاتژمێر 4:00 ئێوارە کراوە دەبێت ".
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت،"
ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە ئەو هاوڵاتیانەی قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕوناکییان لەسەر
ماوە لەو داشکانی لە 50٪ی کارەبا سوودمەند بن، کە تەنیا سێ ڕۆژی ماوە، دوای ئەم بەروارە
ئۆتۆماتیکی دەبێتە قیستی مانگانە ".
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانیی لەئاگادارییەکدا بۆ دانیشتوانی
شارەکە باسی لەوەکردوە،" بەمەبەستی سودمەندبونی زیاتری هاوڵاتیان لە لێخۆشبونی
قەرزی کۆنی پێش روناکی کە تەنیا سێ رۆژی ماوە، سبەینێ هەینی و رۆژی شەممە (16/10 و
17/10 ) سەرجەم بەشەکانی فرۆشیاریی وزە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی
کارەبای سلێمانی لە کاتژمێر 9 ی بەیانی تا 2 ی پاشنیوەڕۆ دەوام دەکەن و پارەی
قەرزی کارەبا وەردەگرن ".
