میدیای ئەمریکی: تا ساڵی 2030 گرفتی کەمیی مووشەکیی سیستەمی بەرگریی چارەسەر نابێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا، سوپای ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی چەکی سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی بۆتەوە، کە پێشبینی دەکرێت لانیکەم تا ساڵی 2030 بەردەوام بێت.


کەناڵی "سی‌ بی‌ ئێس نیوز"ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، کۆگای مووشەکەکانی سیستەمەکانی "پاتریۆت" و "ساد" گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیداری ستراتیژیی، بەهۆی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا و بەکارهێنانی زۆری کۆگاکانی چەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی هەمان سەرچاوە، سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا تا 61%ی کۆگای پێشووی مووشەکەکانی "پاک-3" و نزیکەی 82%ی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی سیستەمی "ساد"ی بەکارهێناوە. لە کاتێکدا، جێبەجێکردنی گرێبەستە نوێیەکان 3.5 تا 4.5 ساڵ دەخایەنێت.

کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ 400 یەکە لە ساڵێکدا هەیە،  بەڵام بەرپرسان و پسپۆڕانی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی پێشبینی دەکەن، گەڕاندنەوەی کۆگاکان بۆ ئاستی کانوونی یەکەمی 2025، لانیکەم پێنج ساڵی پێویستە، تەنانەت ئەگەر بەکارهێنانی چەکەکانیش بوەستێت؛ چونکە توانای بەرهەمهێنانی پیشەسازیی بەرگریی سنووردارە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی