شارپرێس:
ناکۆکییەکانی نێوان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، قوڵتر دەبنەوە
و لە ئاستی ڕاگەیاندن و هەڵوێستی سیاسییەوە تێپەڕیونەتە بوارە سەربازییە هەستیارەکان.
داواکارییەکانی ترەمپ بۆ گۆڕینی ڕێبەرایەتیی ئۆکرانیا،
ناکۆکیی لەسەر نەوتی ڕوسیا و داواکاریی واشنتۆن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ
سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ڕوسیا، بونەتە هۆی توندبونەوەی قەیرانەکە.
زیلینسکی لە دوا وتوێژە ڕاگەیاندنییەکانی خۆیدا ئاماژەی
بەوە داوە کە هەڵوێستی نوێی واشنتۆن ئازاری داوە و هەستی بە خیانەت کردوە. ئەم قەیرانە
ئاماژەیە بۆ دروستبونی قەیرانی متمانە لە پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکا، بە
تایبەتیی لەبارەی ئاستی پابەندبونی واشنتۆن بە پاراستنی ئەمنیی ئۆکرانیا.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکە، هێرشەکانی ئۆکرانیا
بۆ سەر پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی ڕوسیایە. واشنتۆن داوا دەکات کییڤ ئەم هێرشانە
بوەستێنێت، بەڵام ئۆکرانیا پێی وایە ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئامرازێکن بۆ لاوازکردنی
توانای داراییی مۆسکۆ لە دابینکردنی خەرجییەکانی شەڕ. بۆیە، بڕیاری ئۆکرانیا بۆ دەستپێکردنەوەی
هێرشەکان دەتوانێت ناکۆکییەکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ زیاتر بکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئەوروپییەکانیش نیگەرانن لەوەی توندوتیژییە
ڕاگەیاندنییەکان ببنە هۆی خراپتربونی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن.
ڕۆژنامەی "فاینەنشیاڵ تایمز" بەگوێرەی سەرچاوە
ئەوروپییەکان، باسی لەوەکردوە کە ڕێبەرانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبونەوەکانی برۆکسل
داوا لە زیلینسکی دەکەن ڕەخنە ئاشکراکان لە ترەمپ کەم بکاتەوە، چونکە ئەوروپا
ناتوانێت هەموو توانا سەربازیی و هەواڵگریی ئەمریکا پڕبکاتەوە.
ئۆکرانیا هێشتا لە سێ بواردا پێویستییەکی گرنگی بە پشتیوانیی
ئەمریکا هەیە: یەکەم، زانیارییە هەواڵگرییەکان و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هێرشە
موشەکییەکانی ڕوسیا؛ دووەم، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" کە ڕۆڵێکی
گرنگ لە بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ڕوسیا دەگێڕێت؛ سێیەم، بەردەوامیی
دابینکردنی چەکی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی بەشێکی گەورەتر لە تێچوی
کڕینەکە بگرنە ئەستۆ.
بەم شێوەیە، قەیرانەکە لە کاتێکدا دێت کە ئۆکرانیا خۆی بۆ
زستان و پێداویستییەکانی بەرگریی ئامادە دەکات. بۆیە، کییڤ لەبەردەم فشارێکی
قورسدایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ واشنتۆن، بەبێ ئەوەی توانای بەرگریی و شوێنی
لە هەر دانوساندنێکی داهاتوودا لاواز بکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی