پڕۆژەی هەژماری من رونکردنەوە لەبارەی دورخستنەوەی بانکێک دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) ی خستە ناو لیستی سزاکانییەوە، پرۆژەی (هەژماری من) ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، زیاتر لە ساڵێکە ئەو بانکە لە (هەژماری من) دورخراوەتەوە.


پڕۆژەی (هەژماری من) لە راگەیەندراوێکدا دڵنیاییدایە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند،" بێبەشکردنی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان بە دۆلاری ئەمریکی، هیچ پەیوەندییەکی بە سودمەندانی پڕۆژەکەوە نییە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2025ەوە لە هەنگاوێکی پێشوەختەدا بانکی (IDB) لە پڕۆژەی هەژماری من دورخراوەتەوە و سەرجەم ئەو موچەخۆرانەی لەو بانکە هەژماریان هەبوو، بۆ سەر بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە گواستراونەتەوە ".

پرۆژەی هەژماری من دەڵێت،" ئامانج لەو بڕیارەش پاراستنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوە، تاوەکو بەردەوام بن لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکانیان بە دۆلار و بەکارهێنانی کارتە بانکییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک ".

هاوکات، پڕۆژەی هەژماری من جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ حەوت بانکی فەرمی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە سەرجەمیان بە تەواوی پابەندی رێسا، رێنمایی و یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.