مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێم ئاشکرادەکرێت؛ ئەگەری لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسیی پەرلەمانی هەیە

کوردستان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 1869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەرێم رایگەیاند، کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها کەمکردنەوەی پارە و موچە و بەشە بودجە نییە، بەڵکو مەترسییەکە لە بودجە زۆر گەورەترە، دەشڵێت، ئەگەر هەیە کورد پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق لەدەست بدات.

ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە 14.14٪ بۆ 12.7٪، تەنها پرسێکی دارایی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت ".

بەپێی وتەی ئامانج رەحیم، ماددەی (49/یەکەم)ی دەستوری عێراق دەڵێت،" (يتكون مجلس النواب من عدد من الأعضاء بنسبة مقعد واحد لكل مائة ألف نسمة من نفوس العراق)، واتە ژمارەی دانیشتوان بنەمایەکی دەستورییە بۆ دیاریکردنی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی ".

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران زیاتر ڕونیکردوەتەوەو باسی لەوەکردوە، بۆ نمونە، ئەگەر 329 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەش بکرێت:

* بە ڕێژەی 14.14٪، بەشی هەرێم نزیکەی 47 کورسی دەبێت.

* بە ڕێژەی 12.7٪، بەشی هەرێم دەبێتە نزیکەی 42 کورسی.

واتە ئەگەری لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسیی پەرلەمانی!

ئامانج رەحیم ئەوەشیخستەڕوو،" ئەمە تەنها گریمانەیەکی ژمێریارییە، نەک بڕیارێکی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان؛ بەڵام نیشاندەری ئەو مەترسییە دەستوری و سیاسییەیە کە کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم دەتوانێت لە داهاتودا دروستی بکات، بۆیە پاراستنی ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها پاراستنی بەشە بودجە نییە، بەڵکو پاراستنی دەنگ و نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانە لە دامەزراوە دەستورییەکانی عێراقدا ".