شارپرێس:
عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کابینەی حکومەتەکەی تەواوبوە، دوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر پۆستە بەتاڵە وەزارییەکاندا، ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدا ڕویدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەند دامەزراوەو کەسایەتییە عێراقییەکاندا سەپاند.
لەچوارچێوەی تەواوکردنی کابینەکەی زەیدیدا، لەیس خەزعەلیو موحسن مەندەلاوی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران دیاریکران، هەردوو کەسایەتییەکە نزیکن لەو میلیشیایانەی دژ بەئامادەبونی ئەمریکان لەعێراقو پەیوەندیی نزیکیان بەئێرانەوە هەیە.
چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر ڕایگەیاندبوو، کۆتایی بەڤیتۆی ئەمریکا لەسەر دیاریکردنی لەیس خەزعەلی هاتوە، ئەمەش کۆتایی بەقەیرانی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان هێنا کە بۆ ماوەی پێنج مانگ درێژەی کێشابوو.
ئاماژە سیاسییەکان ئاماژە بۆ بونی لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئێرانو ئەمریکا دەکەن، بۆ پشتگیریکردن لەسەرۆک وەزیرانی عێراق لەتەواوکردنی کابینەکەی، هەندێک لەهێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی شیعیش پێیانوایە، ڕێگەدان بەدیاریکردنی لەیس خەزعەلی وەک جێگری سەرۆک وەزیران، نیشانەیەکی ئەرێنییە کە تارانو واشنتۆن نایانەوێت ملمڵانێی هەژمون لەعێراق بەردەوام بکەن.
بهگوێرهى هەڵسەنگاندنی ئەم هێزانە، تەواوبونی کابینەی زەیدیی، چ لەئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆو چ ناڕاستەوخۆی نێوان ئێرانو ئەمریکا بێت، لەوانەیە ئاماژەبێت بۆ هەبونی کەشێکی ئارامبونەوە لەپەیوەندییەکانیاندا، لانیکەم لەقۆناغی ئێستادا، بەڵام لەبەرامبەر ئەم ئاماژانەی لێکتێگەیشتن لەسەر کابینەی زەیدیی، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەند دامەزراوەیەکی عێراقیدا سەپاند، لەوانەش دامەزراوەیەکی بانکی، بەتۆمەتی پەیوەندییان بەئێرانەوە.
ئەم دژیەکییە لەهەڵسوکەوتی واشنتۆن لەعێراق چۆن لێکبدرێتەوە؟ لایەنی یەکەم ئەوەیە کە ئەمریکا بەدوو شێواز مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات؛ هەندێکجار سیاسەتی نەرم دەگرێتەبەرو هەندێکجاریش پەنا بۆ سزادان دەبات، بەمەش فشار لەدوو ئاراستەوە بەسەر بەغدادا دەسەپێنێت.
لایەنی دوەم ئەوەیە کە واشنتۆن لەدۆسیەی ئابوریی عێراق کە پەیوەندیی بەئێرانەوە هەیە، سیاسەتێکی توندتر پەیڕەو دەکات، بەڵام لەدۆسییە سیاسییەکاندا نەرمترە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆسییە ئابورییەکان لەهەژمارەکانی ئەمریکادا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران گرنگییەکی زیاتر لەدۆسییە سیاسییەکان هەیە.
بهگوێرهى هەندێک هەڵسەنگاندنی عێراقی، ئەمریکا بەتایبەتیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکانی پەیوەست بەسوپای پاسدارانی ئێران، وەک بانكەکانو قاچاخی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران، توندە، واشنتۆن پێیوایە ئەم پارەیە دەگاتە سوپای پاسدارانو بۆ پارەدارکردنی حزبوڵڵای لوبنانو گروپەکانی دیکەی دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنرێت کە لەلیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادان.
بەم پێیە، ئەمریکا لەهەر دۆسیەیەکی عێراقی کە ببێتە ڕەگێکی داراییو ئابوریی بۆ ئێران، هیچ نەرمییەک نیشان نادات.
