شارپرێس:
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ههوڵی چەسپاندنی
سیستمو مۆدێلێکی سیاسیی هاوچەرخ دەدات بۆ ئایندەی ئێران کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی
ڕادیکاڵو پێکەوەژیانی گەلان بونیادنراوە، بەڵام بەردەوام ڕوبەڕوی دژایەتییەکی
توندو سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتەوە، دەزگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی لەنوێترین
ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرایدەکات، گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆسەر تاران، هەرچەندە
لێکەوتەی چینایەتی قورسیان هەبوە، بەڵام تائەوکاتەی گەرەنتیی ئەمنیی پاراستنی پێکهاتەی
شیعەو ترسی هێرشی سوننە توندڕەوەکان لەناوچەکەدا نەشکێنرێت، ناتوانن سیستمی فەرمانڕوایی
ئێران بڕوخێنن.
بهگوێرهى ڕاپۆرتی دەزگای لێکۆڵینەوە، پشتبەستن
بەمێتۆدی (سۆسیۆلۆژیای مێژویی) کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پەرەی پێدراوە،
تاكه ڕێگهی تێگەیشتنە لەئاستی بەرگەگرتنو پەرچەکرداری کۆمەڵگەی ئێرانو ڕۆژهەڵاتی
کوردستان.
ڕاپۆرتەکە تەواوی واقیعی ململانێی نێوان پژاکو
دەسەڵاتی تارانی لەسێ تەوەری سەرەکیدا داڕشتوە ئهوانیش، یهكهمیان، مۆدێلی پژاکو
بەربەستە سیستماتیکەکانی تاران لەناوچە ئازەرییەکانه، بۆ ئهوهش پژاک لەڕێگەی پڕۆژەی
(نەتەوەی دیموکراتیک)ەوە، ههوڵی بونیادنانی سیستمێکی گشتگیر دەدات کە تەواوی پێکهاتە
نەتەوەییو مەزهەبییەکان لەخۆ بگرێت، بەڵام ئێران بەشێوازێکی سیستماتیک دژایەتی دەکات.
باس لهوهشكراوه، تاران بۆ پاراستنی جوگرافیای
وڵاتەکە، لەناوچە هاوبەشەکانی نێوان کوردو ئازەریدا سود لەگفتوگۆی نەتەوەییو جیاوازییەکان
دەبینێت تا ڕێگریی لەدروستبونی ڕۆحیەتی ڕاپەڕینی هاوبەش بکات؛ بەمەش تەواوی پڕۆژە
نیشتمانییەکانی پژاک ڕوبەڕوی بەربەستی سیستماتیکی ڕژێم دەبنەوە، هاوکات ئەنكەرەو
باکۆش دەیانەوێت بەناسیۆنالیزمی توندڕەو، تورکە ئازەرییەکانی ئێران بکەنە قوربانیی
سیاسەتی دەرەوەی خۆیانو وەک کارتی گوشار بەکاریانبهێنن.
لهباسى تورکە ئازەرییەکاندا ئهوه
ئاشكراكراوه، "ئهوان بەقوڵی لەناو دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێراندا جێگهیان
ههیهو پێگەی فەرمییان بەدەستهێناوە، کاتێک مەزهەبی شیعە خاڵی هاوبەشی سەرەکیی ئەوانو
دەسەڵاتە، لەکاتێکدا ئازەرییەکان لەڕابردودا لەسەر دەستی ڕەزا شا سوکایەتییان پێکرابوو،
لەئێستادا تورکیاو ئازەربایجان دەیانەوێت بەگفتوگۆی نەتەوەیی، ئەوان بکەنە قوربانیی
سیاسەتی دەرەوەی خۆیانو وەک کارتی گوشار بەکاریان بهێنن".
لهبارهى تهوهرى دوهمیش باس لهوهكراوه،
چەکی مەزهەب دژ بەیەکێتیی کوردو بازدانی شۆڕشی ژنان، لهمڕوهشهوه دەزگای لێکۆڵینەوە
لەمەلەفەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، تاران لەپارێزگاکانی ورمێو تەبرێزدا، مەزهەب وەک
چەکێکی سیستماتیک دژ بەیەکێتیی کوردان بەکاردێنێت؛ بەجۆرێک ڕژێم بەکوردە شیعەکانی
کرماشان، ئیلامو لوڕستان دەڵێت، "ئەگەر من نەمێنم، سوننەکانی سنەو ورمێ ڕێگهى
مانهوهتان پێنادهن".
ڕاپۆرتهكه نیگهرانى خۆى نیشانداوهو دهڵێت،
"بەداخی گرانەوە، جیا لەبزوتنەوەی ئاپۆیی، پارتە کلاسیکەکانی دیكهى ڕۆژهەڵات
لەکوردانی سوننە پێکهاتونو شیعە وەک دوژمن دەبینن، ئەمەش وادەکات کوردانی شیعە بەگومانەوە
تەماشای پارتە کوردییەکان بکەنو پلانەکەی تاران سەرکەوتوبێت"، بەڵام لەکاتی ڕاپەڕینەکانی
(ژن، ژیان، ئازادی)دا، کچانو ژنان بەبێ
گوێدانە جیاوازیی نەتەوەییو مەزهەبی (کورد، فارس، ئازەری، بەلوچو عەرەب) بۆ
شکاندنی زەینیەتی باوکسالاریی ڕاپەڕینو پیشانیاندا کە تا پرسی بونو مافی ژن قبوڵنەکرێت،
هیچ ئایینو نەتەوەیەک ناتوانێت کۆمەڵگەی ژنان دژ بەیەکتر بەکاربێنێت.
سهبارهت بهتهوهرى سێیهمیش ئاماژه بهمایەپوچبونی
بۆرژوازییو ئەگەری کودەتای سپیی چاکسازیخوازان كراوه، بۆ ئهوهش هاتوه،
"دوای سەپاندنی گەمارۆ قورسەکانی سەر ئێران، چینی بۆرژوازییو هاوردەکار کە بەتەواوی
بەباڵی چاکسازیخوازانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە، زۆرترین زیانیان بەرکەوتوەو ناڕەزایەتییەکانی
بازاڕی تارانیش ڕێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە بوو، چاکسازیخوازان بەسەرکردایەتیی
ڕەفسەنجانی دەیانویست ئابوریی ئێران بەڕوی کۆمپانیا دەرەکییەکاندا واڵابکەن".
ههر لهو ڕوهوه ڕاپۆرتهكه دهڵێت، "ئێستا
بەهۆی پەککەوتنی دارایی ئەم چینەوە، دەزگای لێکۆڵینەوە ئاشکرایدەکات، کەسایەتییەکانی
وەک (پزیشکیان، ڕۆحانیو زەریف) بۆ ڕزگارکردنی ئەم پێگەی خۆیان، ئامادەن تا ئاستی
ئەنجامدانی (کودەتای سپی) یان شۆڕشی سپی بڕۆنو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران بگۆڕن،
چونکە هێشتا ئەم تواناو ههماههنگیهیان لەگەڵ هێزە هەژمونخوازە نێودەوڵەتییەکاندا
پاراستوە".
