ناتانیاهۆ وەڵامی ئۆباما دەداتەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی لێدوانەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای دایەوە کە تێیدا ئیسرائیلی بە دەستبەسەرداگرتنی "زەوی خەڵکی تر" و زیاده‌ڕەوی لە مامەڵەکردندا تۆمەتبار کردبوو، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە مێژوودا.

ناتانیاهۆ لە ڤیدیۆیەکدا کە لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، وتی: "گەلی جولەکە لە خاکی باوباپیرانی خۆیدا داگیرکەری بیانی نییە. مێژووی ئێمە پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی نییە و خاکەکەمان زەوی دزراو نییە؛ ئەمە نیشتمانی ئێمەیە".

هەروەک، لێدوانەکانی ئۆبامای لە بلفاستی پایتەختی ئێرلەندای باکور بە "لێدوانێکی جێی نیگەرانی" ناوبرد و جەختی لە پەیوەندیی مێژوویی گەلی جولەکە بە خاکی ئیسرائیل کردەوە.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بە ناوی تەوراتیی ئەو ناوچەیە، واتە "یەهودا"، کرد و وتی جولەکە لەوێوە هاتوون و هەزاران ساڵە پەیوەندییان بەو خاکەوە هەیە.

ناتانیاهۆ هەروەک باسی لە جیاوازیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە ئەوروپییە خاوەن مێژووە کۆلۆنیالیستییەکان کرد و وتی: "ئێمە وەک هۆڵەندییەکان لە ئەندۆنیزیا یان بەلجیکییەکان لە کۆنگۆ نین؛ ئێمە جولەکەین لە یەهودا".

ئۆباما ئەم لێدوانانەی سێشەممەی ڕابردوو، لە کاتی سەردانی بلفاست لە ئێرلەندای باکوردا، دابوو.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی