حوسییەکان هەڕەشەی مشتی پۆڵایین لەئەنكەرەو ئیسلام ئاباد دەکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی زۆر مەترسیداردا کە گڕ لەبەرەی شەڕی ناوچەکە بەردەدات، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن پەیامێکی پڕ لەهەڕەشەو هۆشداریی توندی ئاراستەی هەردوو دەوڵەتی تورکیاو پاکستان کرد؛ ئەمەش پاش لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ‌و هۆشدارییەکەی وەزیری بەرگریی پاکستان دەربارەی کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی مەککە دژ بەحوسییەکان.


محەممەد بەخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، "سوێند بەخوا ئەگەر تورکیا یان پاکستان تێوەبگلێن لەم جەنگەدا، بەمشتێکی پۆڵایین لێیاندەدەین؛ هەروەک چۆن ئەمڕۆ عەرەبستانی سعودی تەمبێ دەکەین، بەدڵنیایییەوە ئەوانیش تەمبێ دەکەین‌و پاکستان بۆردوماندەکەین".

ئەم هەڕەشەی بۆردومانکردن‌و هێرشكردنه‌سه‌ر سعودیه‌، ڕاستەوخۆ پاش هۆشدارییەکەی وەزیری بەرگریی پاکستان دێت سەبارەت بەپاراستنی خاکی سعودیە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حوسییەکان جەختیکردەوە، ئەوان دەست لەکەس پان ناکەنەوەو داوای یارمەتی لەهیچ دەوڵەتێک ناکەن، بەڵام هۆشداریدەدەنە هەر وڵاتێک کە لەپاڵ دوژمنه‌كه‌یان واته‌ سعودیه‌دا تێوەبگلێت، وتیشى، "ئێمە خاوەنی دۆزێکی دادپەروەرانەو مەزڵومیەتێکی گەورەین؛ لیستێکی پڕ لەسەدان هەزار کوژراومان لەسەرشانە بەهۆی دەستدرێژییەکانی سعودیە بۆسەر یەمەن، هاوشان لەگەڵ ملیۆنان مردوو کە بەهۆی برسێتی، بەدخۆراکی‌و کەمیی پێداویستیی پزیشکییەوە بونەتە قوربانیی".

ئەم هاوارە هێرشبەرانەیە له‌سه‌نعاوه‌، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە جەنگی یەمەن خەریکە لەسنوری ناوچەیی خۆی دەردەچێت‌و بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی گەورەی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت کە تێیدا حوسییەکان ئامادەیی خۆیان نیشاندەدەن بۆ بە ئامانجگرتنی هەر هێزێکی دەرەکی کە پاڵپشتیی ڕیاز بکات.