شارپرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حكومەتی فیدراڵ تێكڕای ڕێژەی ٤.،٢ ٪ ی بوودجەی گشتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حكومەتی فیدراڵ نزیكەی ٤١ ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە كە دەكاتە ٤٦ مووچە لە كۆی ١٤٤ مووچە".
ڕونیشیكردەوەوە "لە ١٢ ساڵی ڕابردوو ( ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥) ، تێكڕای ڕێژەی كرداریی نێردراو لە بوودجەی گشتی عێراق دوای لێبڕینەكانی سەروەری و قەرز و پابەندییەكانی تر بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، دەكاتە تەنها ڕێژەی ٤.,٢٪ ی بوودجەی گشتی عێراق لە جیاتی ڕێژەی ١٧٪ و ڕێژەی,١٢,٦٧٪ تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان".
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕی پارەی تەمویلكراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا ، دەكاتە تەنها ٤١ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار لە كۆی ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینار كە بەكارهاتووە بۆ تەمویل كردنی نزیكەی ٤٦ مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی كوردستان لە كۆی ١٤٤ مووچە لەو ماوەیەدا .
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لەوە ماوەی ساڵانی؛ ٢٠١٤ ، ٢٠٢٠ ، ٢٠٢٢ حكومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بوودجە پارەی تەمویلكراوی بۆ هەرێمی كوردستان وەكو قەرز هەژمار كردووە تا دواتر لە پشكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەسەندكردنی بوودجەی گشتی بیبڕێتەوە. سەرەڕای داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی كە بڵاویكردووەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ و بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێری دانیشتووانی هەرێم، پشكی هەرێمی كوردستان دەكاتە ڕێژەی ١٤,١٤٪ی بوودجەی گشتی عێراق.
