له‌ 140 شارى فه‌ره‌نسا خۆپیشاندانه‌.. پاریس كێ تۆمه‌تبار ده‌كات؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵگەی فەرەنسی لەگەرمەی قەیرانێکی کەموێنەی کۆمەڵایەتی‌و ئەمنیدایە، پاشئەوەی زیاتر لەنیو ملیۆن خۆپیشاندەر لە140 شاری جیاوازی وەک (پاریس، مارسێلیاو لیۆن) ڕژانەسەر شەقامەکان، ئەم شەپۆلە کتوپڕە سەرەتا بەشێوازێکی هێمنانە دژی گرانیی بژێویی‌و دۆخی خراپی خوێندنگەکان دەستیپێکرد، بەڵام ئێوارەی شەممەى ڕابردوو کتوپڕ گۆڕا بۆ پێکدادانی توند، تێکدانی فەرمانگەکان‌و تاڵانکردنی بازاڕەکان، به‌هۆیه‌وه‌ لانیکەم 150 پۆلیس برینداربون‌و زیاتر لەهه‌زارو 200 خۆپیشاندەریش دەستگیرکران.


خۆپیشاندەران کێن‌و داوای چی دەکەن؟
ئەوکەسانەی کە ئەم پڕۆسە بەرفراوانەی ناڕەزایەتییەیان دەستپێکردوە، هاوڵاتیانی فەرەنسی، چەپڕه‌وه‌كان، فەرمانبەران، مامۆستایان، خوێندکاران‌و لایەنگرانی پارتی چەپی (فەرەنسای سەرکەش)ن بە سەرکردایەتیی جان لوک میلانشۆن، ئەم پێكهاتە کۆمەڵایەتییە جەماوەرییە بەفەرمی داوای ڕوبەڕوبونەوەی گرانیی بژێویی، بەرزبونه‌وه‌ی تێچوی ژیان‌و دابینکردنی هێزی کڕین بۆ چینە ناوەندو هەژارەکان ده‌كه‌ن.

به‌شێكى دیكه‌ى داواكاریه‌كانیان، چاککردنی دۆخی نالەباری خوێندنگەکان، زیادکردنی بودجەی کەرتی فێرکاریی‌و دابینکردنی مەرجی گونجاو بۆ قوتابیان‌و هه‌روه‌ها ناڕەزایى ده‌ربڕینه‌ دژ بەشکستەکانی حکومەت لەبەڕێوەبردنی دارایی گشتیی‌و باجە قورسەکاندا.

سوتانی شارەوانییەکی 143 ساڵەو تێکدانی پەرستگایەک
ئاستی گرژییەکان گەیشتە قۆناغێکی زۆر قورس، کاتێک لەشاری (لیمۆج) لەناوەڕاستی فەرەنسا، ئاگر لەبینای مێژویی شارەوانییەکە بەردرا کە مێژوی بونیادنانی بۆ 143 ساڵ پێش ئێستا (کۆتایی سەدەی نۆزدەم) دەگەڕێتەوەو بوە هۆی داڕمانی تاوەرە دارینە کلاسیكەکەی، هاوكات لەناوجەرگەی پاریسی پایتەختدا، بزوتنەوەی دژ بەدژەجولەکە ڕایگەیاند، پەرستگایەکی یەهودی لەبازنەی نۆزدەیەمدا لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە تێکدراوەو زیانی پێگەیەنراوە.

ململانێی سیاسیی دەسەڵات‌و چەپەکان
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا بەتوندی هێرشیکردەسەر لایەنی چەپی توندڕەوو ئەوانی بەڕێکخستنی ئەم توندوتیژییانە تاوانبارکردو وتی، کۆمەڵێک تاوانبار بۆ تاڵانکاریی چونەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بەرامبەر بەمەش، سەرکردەی چەپەکان جان لوک میلانشۆن بەتوندی وەڵامیدایەوەو سەرۆک وەزیرانی بەبەرپرسیاری یەکەمی ئەم پشێوییە زانی، بەوەی دەیەوێت سەرنجی ڕای گشتیی لەسەر شکستە دارایییەکانی خۆی بەلاڕێدا ببات.

لای خۆیشییەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاند، هیچ شوێنێک بۆ توندوتیژیی لەناو کۆماردا نییەو بەڵێنیدا تەواوی ئەوکەسانەی هێرشیانکردوەتەسەر دامەزراوەکان‌و بازاڕەکان دەستگیربکرێن‌و توندترین سزابدرێن.

هاوکات بێرنارد هێنری لێڤی نوسەرو ڕۆژنامەنوس داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانیی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەڕۆڵی پارتی چەپی "فەرەنسای سەرکەش" لەم تەقینەوە ئەمنییەدا.