سوپای پاسداران هێزی قورس دەگوازێتەوە بۆ سەر چیایه‌كى كوردستان‌و پژاک هۆشداریی توند دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەو پڕ لەهۆشدارییەوە، ئاشکرایکرد، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی بەرفراوان‌و کتوپڕی بۆسەر پێگەکانیان لەناوچە سنورییەکان دەستپێکردوە، بەتوندی هۆشداریدەداتە تاران کە هێزێکی ئێجگار زۆری لەناوچەکەدا جێگیرکردوەو لەکاتی بەردەوامبونی بۆردومانەکاندا، بەرەیەکی شەڕی گەورە لەسەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واڵادەکەن‌و وەڵامی هاوشێوەو بڕبڕەشکێن دەدەنەوە.


جوڵاندنی درۆن‌و چەکی قورس لەلایەن پاسدارانەوە
به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی پژاک، لەسێ ڕۆژی ڕابردودا سوپای پاسدارانی ئێران بەشێوازێکی بێوچان بەردەوامبوە لەبۆردومانکردنی ناوچەکە، هاوشان لەگەڵ گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، چەکی قورس‌و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بۆ قوڵایی ناوچەی شاخاویی شاهۆ.

پژاك له‌و ڕوه‌وه‌ جەختدەکاتەوە، ئەم جوڵە چڕوپڕانە، نیشانەی سوربونی تەواوەتیی تارانن لەسەر ئەنجامدانی هێرش‌و کردەی سەربازیی دژ بەگه‌ریلاكانیان له‌چیاكانى كوردستان.

هۆشداریی پژاک بۆ بەکارهێنانی مافی بەرگریی ڕەوا
پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) لەبەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندوە، "جارێکی دیکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێرشکراوەتەسەر گه‌ریلاكانمان، ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتەسەر گەل‌و هێزەکانمان، مافی بەرگریی ڕەوای خۆمان بەتوندی بەکاردەهێنین".

پژاک ڕونیکردوەتەوە، "ئەگەر تاران لەم هێرشانە نەوەستێت، بەهێزێکی زۆر قورسەوە وەڵامی پێویستی سەربازیی دەدەینەوە کە هاوسەنگیی هێز لەسەر سنورەکان دەشێوێنێت".

پێگەی ستراتیژیی چیای شاهۆو قەڵا سەربازییەکانی تاران
چیای شاهۆ وەک بەرزترین‌و گرنگترین ناوچەی شاخاویی جیۆپۆلەتیک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت کە ڕێک دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کرماشان‌و سنە، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی لایه‌نگران‌و جه‌ماوه‌رى پژاک‌و کۆنترۆڵکردنی هێڵە سنورییەکان، لەسەر چەندین لوتکەی بەرزی ئەم چیایە مۆڵگە، قەڵاو بنکەی سەربازیی گەورەی دروستکردوەو ناوە ناوەش ناوچەکە بەرەو ڕوی ئاگرتێبەردان‌و بۆردومانی قورس دەکاتەوە.

ئەم پەرەسەندنە خێرایە، هێمایەکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری تەقینەوەی شەڕێکی سەربازیی گەورە لەسەر سنورەکانی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات‌و باشور)، چونكه‌ پژاك ئاشكرایكردوه‌، ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ سوپاى پاسداران، هێزو چه‌كى قورس بۆ سنوره‌كانى كوردستان ده‌گوازێته‌وه‌.

بەپەلە