هۆشدارییەکى به‌په‌له‌ له‌باره‌ى قەوارەی هەرێمه‌وه‌.. هێڵە سورەکان بۆ حكومه‌تى هه‌رێم دیاریده‌كرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

ڕاپۆرتێكى نوێ كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژانى داهاتوو بڵاوبكرێته‌وه‌و ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى بكرێت هۆشدارییەکی زۆر مەترسیدارى سه‌باره‌ت به‌ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستان تێدایه‌و ڕادەگەیەنێت، بەهۆی پەککەوتنی چوارساڵەی پەرلەمان‌ (دوساڵ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌ن‌و دوساڵیش دواى هه‌ڵبژاردن كارانه‌كراوه‌) له‌گه‌ڵ بەردەوامبونی حکومەتی کاربەڕێکەرو بۆشایی دەستوریی، هەرێم لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی کرداریدایە، ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، دوفاقیی یاسایی‌و نەبونی دەستور، گەورەترین کارتی گوشاری بەخشیوەتە دەست لایەنەكانى بەغدا تا شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێم بخەنە ژێر پرسیارەوە.


هاوسەنگیی تێکچوی دەستور؛ کاتێک لەبەغدا داوای ماف دەکرێت‌و لەناوخۆدا ئەرک فەرامۆشدەکرێت
ڕاپۆرته‌كه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، کورد ناتوانێت لەبەغدا داوای پابەندبون بەدەستور بکات، بەڵام لەماڵی خۆیدا مادەی 120ی هەمان دەستور بۆ نزیکەی 21 ساڵ جێبەجێنەکات، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت، "ئەم دوفاقییە سیاسیی‌و یاساییە هۆکاری سەرەکیی لاوازبونی پێگەی کوردە لەکاتی دانوستاندنە چڕەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، چونكه‌ دوای زیاتر لەدوو دەیە لەپەسەندکردنی دەستوری عێراق لەساڵی 2005دا، هەرێم هێشتا دەستوری تایبەت بەخۆی نییە، ئەمەش وایکردوە لایەنە ناسیۆنالیست‌و ناوه‌ندگەراکان لەبەغدا، بۆشاییی یاسایی ناوخۆی هەرێم وەک چەکێک دژ بەشەرعییەتی دامه‌زراوه‌كانى کوردستان بەکاربهێنن‌و ڕەوایی پڕۆسە یاساییەکانی بخەنە ژێر پرسیارەوە".

ناسنامەی ڕاستەقینەی هێز؛ پۆلیس بۆ ڕەخنەگرە یان پاراستنی هاوڵاتی؟
ڕاپۆرتە ئامارییەکە پەردە لەسەر برینە دێرینەکەی دابەشکاریی ئەمنیی لادەدات‌و جەختدەکاتەوە، هێزە چەکدار، ئەمنی‌و هەواڵگرییەکان موڵکی حزب، سەرکردە یان ناوچەیەکی دیاریکراو نین، لەم پێناوەدا پێوەرە نیشتمانییەکانی جیاکردنەوەی ئەرکی هێزەکان لەچوارچێوەی دەسەڵاتی مەدەنی و یاساییدا ڕونکراونەتەوەو جه‌ختده‌كاته‌وه‌، پێشمەرگە تاقانە ئەرکی ئەوان بۆ پاراستنی گەل‌و نیشتمانە، نەک بۆ پاراستنی پشکی حزبی یان چەسپاندنی هاوسەنگیی هێز لەنێوان بەرە جیاوازەکاندا.

سه‌باره‌ت به‌پۆلیس-یش وه‌ك هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ باس له‌وه‌ده‌كات، پۆلیس ئامرازی جێبەجێکردنی یاساو پاراستنی هاوڵاتی‌و مافە مەدەنییەکانە، نەک بۆ دەستگیرکردن، چاودێریکردن‌و کۆنترۆڵکردنی دەنگی ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی، هه‌رچى هێزه‌كانى ئاسایش-یشه‌ ده‌ڵێت، "دەزگایەکی نیشتمانییە بۆ ڕێگریکردن لەتیرۆرو تاوان‌و دابینکردنی ئارامیى، نەک بۆ پاراستنی ناوچەی نفوزی سیاسیی‌و دابەشکردنی جوگرافیا بەسەر هێڵە حزبییەکاندا".

ئاماژه‌ به‌دەزگای هەواڵگریی كراوه‌و ڕاپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌، "پەیامی ئه‌م ده‌زگایه‌، ده‌بێت تەنها بۆ پاراستنی قەوارەکەو دۆزینەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان بێت، نەک بۆ کۆکردنەوەی دۆسیەی سیاسیی، سیخوڕیکردن‌و گوشارخستنەسەر نەیارانی ناوخۆیی بۆ بەرژەوەندیی حزب".

له‌باره‌ى بونی دوو زنجیرەی فەرماندەیی هاوته‌ریب (یه کەکانی 70و 80ى پێشوو ده‌ڤه‌رى یه‌ك‌و دوى ئێستا)و دوو دەزگای ئاسایش‌و هەواڵگریی جیاواز لەژێر یەک ناودا، ئه‌وه‌ هاتوه‌، "نیشانەی ئەوەیە کە چاکسازییەکانی پێشوو، تەنها کارگێڕیی بون نەک کرداریی، چونکە هێزەکان هێشتا بیروباوەڕی نیشتمانییان پێنەبەخشراوە".

بەرپرسیارێتیی هاوبەش؛ هەرێم ئه‌مانەتێکی گشتییە نەک غەنیمەتی حزبی
لەلوتکەی دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاوکێشەی پاراستنی نیشتمان لەچەمکە تەسکە حزبییەکەی دەردەهێنرێت‌و بەشێوازێکی پڕ لەهۆشداری جەختدەکاتەوە، "ئەم قەوارەیە ئەمانەتێکی نیشتمانییە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی تەنها لەئەستۆی پێشمەرگە یان حزبە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو ئەرکێکی گشتگیرو دابەشکراوە کە لەسەرشانی سەرجەم ئەم تویژانەیە، واته‌ پاراستنی هەرێم لەئەستۆی هەریه‌ك له‌دامەزراوەكان، بەرپرسان، ئەندامی پەرلەمان، دادوەر، ڕۆژنامەنوس، مامۆستا، چالاکوانانی مەدەنی‌و هەر هاوڵاتییەکدایە کە باوەڕی بەیاساو شەرعییەت هەیە".

هۆشداریشده‌دات، "بێدەنگبون لە بەرامبەر پەککەوتنی پەرلەمان، بەردەوامبونی بێبڕانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەرو بەسەرچونی ماوەی یاسایی دەستە چاودێرییەکان، وادەکات کە قەوارەکە بەهیواشی لەناوەڕۆکە دیموکراتییەکەی بەتاڵ ببێتەوە، کاتێکیش هاوڵاتیان متمانەیان بەسندوقەکانی دەنگدان نامێنێت‌و دەبینن حزبەکان یاسا بۆ بەرژەوەندیی کاتیی خۆیان دەگۆڕن، گەورەترین مەترسی لەناوخۆوە بۆسەر ئایندەی هەرێم دروستدەبێت، بونیادنانی دەستورو نیشتمانیبونی هێزەکان، تاكه‌ ڕێگه‌ی ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستانە لەو داوی داڕمانە کارگێڕییەی کە ئێستا لەبەردەمیدا ڕاوەستاوە".

بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدراڵی
به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌حكومه‌تى عێراقیش كردوه‌و ده‌ڵێت، "حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دەستوریی هەیە لەپاراستنی سیستەمی فیدراڵی‌و دیموکراتی عێراق، بەغدا نابێت لاوازیی ناوخۆیی هەرێم بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی مافە دەستورییەکان، گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی، یان بەکارهێنانی موچەو بودجە وەک ئامرازی فشار بەسەر هاوڵاتیان، لەهەمانکاتدا، حکومەتی هەرێمیش دەبێت، داتاو داهاتەکانی ئاشکرابکات، پابەندییە داراییەکان جێبەجێبکات‌و ناکۆکییەکان لەڕێگەی دەستورو یاساوە چارەسەربکات".

به‌پێویستى ده‌زانێت، "پەیوەندیی هەولێرو بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی فیدراڵی، ماف‌و ئەرکی دولایەنە، شەفافییەت‌و ڕێککەوتنی درێژخایەن بێت، نەک لەسەر بنەمای فشارو ڕێککەوتنی کاتیی".

سنوردارکردنی خۆی وەک حکومەتی کاربەڕێکەر
به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، یاساو ڕێکارە دەستورییەکان جەخت لەوەدەکەنەوە، پێویستە حکومەتی کاربەڕێکەر بەتوندی سنوری دەسەڵاتەکانی خۆی بپارێزێت، تا پێکهێنانی کابینەی نوێ، حکومەت بۆی نییە بەبێ بونی پێویستییەکی نیشتمانیی ڕون، گرێبەستی ستراتیژیی درێژخایەن واژۆ بکات، پۆستی باڵا بۆ ماوەی درێژ پڕبکاتەوە، قەرزی گەورە وەربگرێت یان پێکهاتەی دەستە سەربەخۆکان بگۆڕێت، هەر بڕیارێکی نائاسایی کە لەم قۆناغەدا دەردەچێت، دەبێت هۆکار، بنەمای یاسایی‌و داتا دارایییەکانی بەڕونی بۆ ڕای گشتیی بڵاوبکرێنەوە تا شەفافییەتی تەواو جێگیربێت.

هاوكات، ڕێکخستنی سیستمی دارایی‌و ئاسایشی نیشتمانی لەپێشەنگی ئەرکەکاندایە؛ بەجۆرێک کە هیچ وەزارەت، ناوچە، دەزگا یان حزبێک بۆی نییە داهاتی گشتیی لەدەرەوەی خەزێنەی یەکگرتوی حکومەت کۆبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت یەک هەژماری خەزێنە، یەک سیستمی گومرگ، یەک تۆماری باج‌و یەک سیستمی موچە دابمەزرێنرێت، لەلایەکی دیكه‌وه‌، حکومەت پابەندە بەپێشکەشکردنی ڕاپۆرتی خولی بەپەرلەمان لەسەر ژمارەی هێزە چەکدارەکان، پێکهاتەی فەرماندەیی، بودجە، چەک‌و کۆگاکان، ئاستی پێشکەوتنی یەکخستنەوەو سەرجەم سکاڵاو پێشێلکارییەکان، بەمەرجێک وردەکارییە هەستیارەکان دەکرێت لەدانیشتنی نهێنیدا بخرێنەڕوو، بەڵام بەچاودێریی یاسایی بمێننەوە.