شارپرێس:
ئیلهام ئەحمەد یهكێك لهسەرکردە دیارهكانى دیاری باکوور و ڕۆژاوای
سووریا، ، لە لێدوانێکی یەکجار گرنگدا وردەکاریی هەستیاری لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی
ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و پشتپەردەی
ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی حەسەکە ئاشکراکرد، دهشڵێت، "یهپهژه بهتایبهتمهندى
خۆیهوه دهمێنێتهوه، بهڵام لهچوارچێوهى وهزارهتى ناوخۆدا".
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، پێشتر دۆخەکە زۆر باشتر بوو، بەڵام لەئێستادا
بۆشایییەکی کارگێڕییو ئەمنیی دروست بوە، کاتێک تەواوی داهاتەکان لەژێر دەستی دەسەڵاتی
ناوەندیدان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە هیوامان بەڕێککەوتنێکی یەکجار
باڵاتر هەبوو؛ بڕیاروابوو پڕۆسەی یەکخستنو تێکەڵکردنەکە تەنها یەک مانگ پاش واژۆکردنی
ڕێککەوتننامەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام پڕۆسەکە سستیو خاوبونەوەیەکی زۆرو قورسی بەخۆیەوە
بینیوە".
ئیلهام ئەحمەد پێگەی سەربازیی هێزەکانی ژنانی جێگیرکردو ڕایگەیاند، یەکینەکانی
پاراستنی ژنان (یهپهژه) بەشێوازی یهكهكانى ئۆپەراسیۆنی تایبەت لەناو پێكهاتەی
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆدا تێكهڵدهكرێن، بهڵام بەتەواوی خاوەن سەرکردایەتی، پێکهاتەو
هێڵکاریی ڕێکخستنی سەربەخۆی خۆیان دەبن لەناو سیستمی نوێدا.
سەبارەت بەکەرتی پەروەردە، ژنه سیاسهتمهدارهكهى ڕۆژئاواى
كوردستانو سوریا جهختیكردهوه، خوێندن بەزمانی دایک مافێکی بێبڕانەوەی گەلی
کوردەو دەبێت زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی پڕۆگرامی فێرکاریی، ڕەخنەی توندیگرتو
وتی، "ئەو بڕیارەی کە لەدیمەشقەوە بۆ وتنەوەی زمانی کوردی دەرچوە، یاسایەکی پڕ
لهکەموکوڕییهو ناتهواوه".
ئیلهام ئەحمەد پەردەی لەسەر ناسنامەی پشتپەردەی ئاڵۆزییەکانی حەسەکە
لاداو بەفەرمی ئاشكرایكرد، "ئەوکەسانەی لەخۆپیشاندانەکانی حەسەکەدا بەشداربون
سەر بەپێکهاتەی عەرەب بون؛ بەشێوازێک کە ژمارهیهكیان پێشتر پاشخانی فیکریی داعـشیان
هەبوەو هەندێکی دیكهشیان ئەندامانی کۆنی حزبى بەعس بون".
لەلایەکی دیكهوه، ئیلهام ئهحمهد ئاماژەی بەمەلەفی دیپلۆماسیی دەرەکیداو
ڕایگەیاند، "هێڵو کەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ ئەنكەرە کراوەیەو جۆرێک لەکرانەوەی سیاسیی
لەنێوانماندا هەیە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە هێشتا پێویستی بەهەنگاوی جدیترو چونە پێشەوەی
زیاتر هەیە لەقۆناغی داهاتودا".
