شارپرێس:
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومهتى هەرێم بڕیارێکی نوێ لەسودی قوتابیان دەربارەی شێوازی پێدانی کرێی ساڵانەی خوێندن ڕادەگەیەنێت؛ بهگوێرهى بڕیارێكى فەرمیی د. ئارام محەممەد قادر وهزیرى خوێندنى باڵا، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییو ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی خێزانەکان، کرێی خوێندنی (پارالێڵو ئێواران) لەسەرجەم زانکۆ حکومییەکاندا دەکرێتە پێنج قیستی جیاواز، ئەمەش پاش جێبەجێکردنی داشکاندنی 45٪ی پێشوو دێت کە بۆ سەرجەم بەشەکان بڕیارى لێدراوه".
د. ئارام محهمهد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومهتى هەرێم بڕیارێکی نوێو گرنگی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییو لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی کەسوکاری خوێندکارانو قوتابییان دەرکرد.
بهگوێرهى بڕیارەکە، تەواوی خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێم کە بەشێوازی (پارالێڵو ئێواران) دەخوێنن، دەتوانن کرێی ساڵانەی خوێندنەکەیان بەشێوازی پێنج قیست بدەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕونیکردوەتەوە، ئەم ئاسانکارییە نوێیە پاش جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوو دێت کە تێیدا ڕێژەی (45٪) داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێڵو ئێواران کرابوو، بەم پێیە، خوێندکاران سەرەتا لەداشکاندنەکە سوودمەند دەبنو پاشان بڕی پارە بڕدراوەکەیان بۆ دەکرێتە پێنج قیستی جیاواز لەماوەی ساڵی خوێندندا.
بڕیارەکە سەرجەم ئەو قوتابیو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە لەگشت کۆلێژو پەیمانگهکانی سەر بەزانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەپرۆگرامی پارالێڵو ئێواراندا ناویان تۆمارکراوە، ئامانجی سەرەکیی وەزارەت لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی قورسیی داراییە لەسەرشانی بنەماڵەکان بەهۆی دۆخی ئابوریی ئێستاوە، تاوەکو هیچ خوێندکارێک بەهۆی کێشەی داراییەوە لەخوێندن بێبەشنەبێت.
