وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا: لە24 كاتژمێردا نزیکەی 1200 سەربازی ئۆکرانی کوژران‌و برینداربون‌و 1250 درۆنیش تێكشكێندراون

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لەنوێترین ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا، ئاشكرایكردوه‌، لە24 کاتژمێری ڕابردودا لەتەواوی میحوەرەکانی جەنگ، گورزی کەموێنەو قورس لەسوپای ئۆکرانیا وەشێندراوە، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، کۆی گشتیی زیانە مرۆیییەکانی هێزەکانی کیێڤ گەیشتوەتە هه‌زارو 185 سەرباز لەنێوان کوژراوو برینداردا، لەگەڵ تێکشکاندنی گەورەترین شەپۆلی هێرشی درۆنەکان.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی فەرمیی مۆسکۆ، کوژراوو بریندارەکانی سوپای ئۆکرانیا بەسەر میحوەرەکاندا بەمشێوازە دابەشبون، زیاتر لە195 سەرباز لەناوچەکانی سۆمی‌و خارکۆڤ (میحوەری باکور)، نزیکەی 240 سەرباز لەخارکۆڤ‌و دۆنێتسک (میحوەری ڕۆژئاوا)، نزیکەی 175 سەرباز لەدۆنێتسک (میحوەری باشور)، نزیکەی 350 سەرباز لەدۆنێتسک‌و دنیپرۆپێترۆڤسک (میحوەری ناوەڕاست)، زیاتر لە195 سەرباز لەدنیپرۆپێترۆڤسک‌و زاپۆرۆژیا (میحوەری ڕۆژهەڵات)و هه‌روه‌ها نزیکەی 30 سەربازی دیكه‌ش لەمیحوەری دنیپرۆ لەزاپۆرۆژیا.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، هێزەکانی ڕوسیا لەڕێگەی بۆردومانی چڕەوە، نەک تەنها ژێرخانی گواستنەوەی سەربازیی ئۆکرانیایان پەکخستوە، بەڵکو کۆگا گەورەکانی کەرەستەی سەربازیی، وەرشەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوربڕ، شوێنی کۆگاو هەڵدانی درۆنەکان‌و مەڵبەندەکانی نیشتەجێبونی کاتیی سەربازانی ئۆکرانیاو (چەکدارە بەکرێگیراوە بیانییەکان)یشیان لە 145 ناوچەی جیاوازدا کردوەتە ئامانج.

ڕوسیا باسى له‌وه‌شكردوه‌، هاوكات بۆردومانی ناوەندێکی لۆجستی لەشاری ڕۆڤنۆ لەڕۆژئاوای ئۆکرانیا كراوه‌ له‌گه‌ڵ سوتاندنی کەشتییەکی گواستنەوەی چەک لەکەناراوەکانی بەندەری ئۆدیسا.

سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیا لەماوەی تەنها یەک ڕۆژدا توانیویەتی بەرپەرچی یەکێک لەگەورەترین‌و بەرفراوانترین هێرشە ئاسمانییەکانی کیێڤ بداتەوە لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، بە شێوازێک کە حه‌وت موشەکی کروزی دوربڕی جۆری «فلامینگۆ»و هه‌زارو 256 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ى ئۆکرانی لەئاسماندا تەقێندراونەتەوەو خراونەتە خوارەوە.