مۆدێلی نوێی سڕینەوەی کولتوری لەدیمەشق؛ شه‌رع مافی خوێندن بەزمانی دایک لەکوردانی ڕۆژئاوا زەوتدەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نزیکەی دوساڵ دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، دەسەڵاتدارانی ئێستاى سوریا لەدەرەوەی وڵاته‌كه‌ى خۆیان ناسنامەی فەرمییان بەدەستهێناوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی سورییەکان لەپێناو ڕاستی‌و دادپەروەری (STJ) ئاشکرایدەکات، کەلێنێکی قورس لەنێوان دروشمە دیپلۆماسییەکانی حکومەت‌و واقیعی تاڵی سەر عەرزدا هەیە؛ بەجۆرێک تاران‌و ئەنكەرە دەیانەوێت تەنها وێنەیەکی بریقەداری دیمەشق نیشانبدەن، لەکاتێکدا زمانی کوردی هێشتا بێبەشەو هەردوو چەمکی دیموکراسی‌و هاوبەشیی گشتیی لەفەرهەنگی دەسەڵاتی نوێدا بونیان نییە.

 

ڕواڵەتی ڕاگوزەرو شەرعیەتی چەکداریی ئەحمەد شەرع بەسامی ئەحمەد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی سورییەکان لەپێناو ڕاستی‌و دادپەروەری (STJ) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیلیف ساریکان بۆ ماڵپه‌ڕى ئامارگی جەختیكردوه‌ته‌وه‌، ئەحمەد شه‌رع سەرکردەی نوێی قۆناغی ڕاگوزەر زیاتر بەدوای بەدەستهێنانی شەرعیەتی دەرەکیدا دەگەڕێت نەک متمانەی ناوخۆیى، لەکاتی کۆنگرەی ناسراو بەکۆنگرەی سەرکەوتندا، دەسەڵاتداران باسیان لەشەرعیەتی شۆڕشگێڕیی کرد، ئەمەش بەواتاى ئەوەدێت گروپە چەکدارەکان خۆیان شەرعیەتیان بەخشیوەتە خۆیان‌و شه‌رعیش دەڵێت، "ئێمە باسی حکومەتێکی هەڵبژێردراو ناکەین"، هه‌ر لەبەر ئەوەشە سەرجەم بڕیارە سەرەکییەکان تەنها لەلایەن خودی شه‌رع یان بازنەیەکی زۆر نزیکی دەوروبەریەوە دەردەچن".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، ڕێککەوتنی نیشتمانیی پاش ئەسەد بەهیچ شێوازێک گشتگیر نەبوو، دەستوری نوێ تەواوی دەسەڵاتەکانی لەدەستی شه‌رعدا کۆکردوەتەوە، تەنانەت لیژنەی دادپەروەریی ڕاگوزەریش تەنها بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی ئەسەد ڕاسپێردراوەو تەواوی پێشێلکارییەکانی داعش‌و سوپای نیشتمانیی سوریا (SNA) پشتگوێخراون. سپیکردنەوەی واقیع لەڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە (میدیای چەواشەکار) ئەو شەپۆلە گەورەیەی بلۆگەرو دروستکەرانی ناوەڕۆک کە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕکردوە لەڤیدیۆی گەشتیاریی‌و ناساندنی خواردن لەچەند گەڕەکێکی تایبەتی دیمەشق، تەکتیکێکی کۆنە بەبەرگێکی نوێوە، وه‌كو له‌ڕاپۆرته‌كه‌ى ئامارگیدا باسكراوه‌، پێشتریش لەکاتی ئەسەددا، ئەو گروپانە دەچونە چەند چێشتخانە‌و باڕێکی فەرمی تا دۆخی سوریا بەئاسایی نیشانبدەن.

بۆ ئه‌وه‌ش بەسامی ئەحمەد دەڵێت، "ئەم پڕۆسەیە بەشێوازێکی سیستماتیک لەلایەن دەسەڵاتی نوێوە ئاراستە دەکرێت‌و ڕێگه‌ی تایبەتیان پێدەدرێت، تا وێنەیەکی هەڵبژێردراو نیشانبدەن، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختدەکەنەوە، ملیۆنان هاوڵاتی بۆ دابینکردنی خۆراک، تەندروستی‌و سوتەمەنیی لەناو بێبازاڕیی‌و چەوساندنەوەدا دەژین".

پرسی زمانی کوردی‌و یاسای سڕینەوەی کولتوریی سەبارەت بەزمانی کوردی، دەسەڵاتدارانی نوێ ماناکان تێکەڵدەکەن؛ بڕیاری ژمارە 13 باسی لە"وتنەوەی زمانی کوردی" کردوە، ئەمە بەتەواوی جیاوازە لە"خوێندن بەزمانی کوردی"، ڕێکخراوی STJ داوای لەحکومەت کردوە کە پڕۆگرامی خوێندنی فەرمی دابڕێژێت تا کوردانى سوریا بتوانن بەزمانی دایکی خۆیان لەسەرجەم قۆناغەکاندا بخوێنن، بەڵام حکومەت هێشتا دان بەمافی تەواوەتیی کورداندا نانێت‌و ناسنامەی زمانەکەی یەکلانەکردوەتەوە کە ئایا زمانێکی نیشتمانییە یان فەرمی، ئەم تەمومژاوییەش لەکاتێکدایە کە لەم پاییزەدا، مامۆستایانی حەسەکە خۆپیشاندانیان دژ بەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی کوردی ئەنجامدا، پاشئەوەی خوێندنی زمانەکە کەمکرایەوە بۆ تەنها سێ وانە لەهەفتەیەکدا.

دوبارەبونەوەی گۆشەگیریی‌و ترسی دیکتاتۆریەتی نوێ بەسامی ئەحمەد هۆشداریدەدات، گۆشەگیریی‌و سڕینەوە کە ناونیشانی سەرەکیی سوریای کۆن بوو، لەئێستادا بەشێوازی جیاواز دوبارەدەبێتەوە، لایەنەکان‌و پێکهاتەکان لەبڕیارە گرنگەکان بەشدارنین‌و نوێنەرایەتیی کوردان لەئەنجومەنی گەلدا تەنها ڕواڵەتییە؛ چونکە هاوبەشیی ڕاستەقینە دەبێت لەئاستی بڕیاربەدەستە باڵاکانی بەڕێوەبردنی وڵاتدابێت.

جگە لەوەش، به‌سامى هۆشداریی قورس ده‌دات لەنەبونی دیموکراسی، چونکە وه‌كو وتویه‌تى، "تائێستا تەنانەت یەکجار وشەی دیموکراسی لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی حکومەتدا بەکارنەهاتوە، ئەمەش هێمایەکی مەترسیدارو سورە، بەبێ بونی هاوسەنگیی هێز و سیستمی دیموکراتی، سوریا دەکەوێتە ناو داوی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ، لەکاتێکدا ئامانجی شۆڕشی سوریا گەیشتن بوو بەسیستمێکی باشتر، نەک دوبارەکردنەوەی ستەمکاریی‌و چەوساندنەوەی گەلان".