شارپرێس:
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه) بەردەوامبونی گفتوگۆکانی لەسەر میکانیزمی بەشداریکردن‌و ڕۆڵی ئایندەی خۆی لەپڕۆسەی تێکەڵبوندا پشتڕاستکردەوە، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەماوەی داهاتودا بەشەفافییەتەوە ڕای گشتیی لەئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە ئاگاداردەکه‌ینه‌وه"، جەختیشی لەسەر دەستگرتن بەناسنامەی تایبەتی خۆی کردوه‌ته‌وه.
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه) بەیاننامەیەکی لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی خۆیەوە بڵاوکردەوەو تێیدا ڕای گشتیی لەدوایین پێشهاتەکان‌و قۆناغی نوێی پەیوەست بەگفتوگۆکانی پڕۆسەی تێكه‌ڵبونیان له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منیه‌كانى دیمه‌شق ئاگادارکردەوە.
لەبەیاننامەکەدا ڕونکراوەتەوە، گفتوگۆ‌و هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە بەردەوامن، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیریی‌و بونیادنانی پاشەڕۆژێکی ئارامە لەناوچەکەدا.
فەرماندەیی گشتیی یه‌په‌ژه جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه) پێگەیەکی سەربەخۆو تایبەتیان لەم پڕۆسەیەدا هەیە، ئێمه تەنها هێزێکی سەربازیی کاتیی نین، بەڵکو هێمای ئیرادەی ژنان‌و خەباتی مێژویی ژنانین لەدژی تیرۆر‌و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان".
هه‌ر له‌و بەیاننامەیه‌دا زانیاریی زیاتر خراوه‌ته‌ڕوو تێیدا هاتوه، "لەئێستادا گفتوگۆی بەرفراوان دەربارەی وردەکارییەکانی بەشداریکردن‌و ڕۆڵی یەکینەکان لەپێکهاتە نوێیەکەدا بەڕێوەدەچێت، لەم پڕۆسەیەشدا سه‌رنجى ڕەها لەسەر پاراستنی ناسنامەی ژنان، ئەزمونەکانمان‌و ئەو دەستکەوتانەیە کە لەماوەی ساڵانی خەباتدا بەدەستهاتون".
بەیاننامەکە بەوە کۆتاییهاتوه، فەرماندەیی گشتیی جەختدەکاتەوە، "ڕێبازی بنەڕەتیی یەکینەکان لەهەر هەنگاوێکی داهاتودا، بریتی دەبێت لەپاراستنی مافە ڕەواکانی ژنان‌و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل، بەڵێنده‌ده‌ین لەماوەی داهاتودا بەشێوازێکی ڕون ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بۆ ڕای گشتیی بڵاوده‌كه‌نه‌وه".
