شارپرێس:
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەیەکی پڕ لەهۆشداریی بەبۆنەی تێپەڕبونی دوساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بڵاوکردەوە، بەتوندی داوای کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان دەکاتو هۆشداریدەدات، بەردەوامبونی ئەم دۆخە نالەبارە، زیانی گەورە بەشەرعییەتی دەنگی خەڵکو مانەوەی فەرمیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، "ئەمڕۆ ڕێک دوساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کە هاوڵاتیانی هەرێم بەئاستێکی بەرزی بەشداریکردن ئیرادەی خۆیان دەربڕیی، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان تائێستاش ناکارایەو نەیتوانیوە بەئەرکە یاساییو چاوەڕوانکراوەکانی خۆی لەسیستمی حوکمڕانیی هەرێمدا هەڵبستێت، ئێمه هەمیشە ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمانو گرێدانی کۆبونەوەکانی بوینو پشتگیریی هەموو دەستپێشخەرییەکمان لەم پێناوەدا کردوە".
پارتی بەفەرمی بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان دەکات تاوەکو هەرچی زوە پێکەوە بەئەرکە مێژوییو یاسایییەکەی خۆیان هەڵبستن، دهشڵێت، "پێویستە لایەنەکان هەنگاوبنێن بۆ تەواوکردنی ڕێکارو ئەرکەکانی دانیشتنی یەکەمو کتوپڕ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجامبدەن، وەک سەرەتایەکی گرنگ بۆ کاراکردنەوەی هێڵی یاسادانانو ڕێزگرتن لەداخوازیی سەرجەم چینو توێژەکانی هەرێم".
فراکسیۆنی پارتی پابەندبونی خۆی بۆ دەنگدەرانو جەماوەری کوردستان دوپاتدەکاتەوەو پێیوایە، ئەرکی پاراستنی قەوارەی هەرێمو بەرژەوەندییە باڵاکانی، لەئەستۆی سەرجەم فراکسیۆنو ئەندامانی پەرلەماندایە بەبێ جیاوازیی، هەربۆیەش جەختدەکاتهوه، "کاراکردنەوەی پەرلەمان نابێت بەهیچ شێوازێک ببەسترێتەوە بەهیچ جۆرە بەرژەوەندی یان ململانێیەکی سیاسییو حزبیی تەسکی دەرەوەی هۆڵەکەوە".
لەکۆتاییی بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی هیوایخواستوە، ئەم دۆخە نالەبارە کۆتایی بێتو لایەنەکان بەدیدێکی هاوبەشو بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، پێکەوە ڕێز لەمافو ئیرادەی گەلی کوردستان بگرن تاوەکو قۆناغێکی نوێی کاری یاسادانانو حوکمڕانیی لەسەرجەم ڕوەکانەوە دەستپێبکات.
