ئەدهەم بارزانی داوای کۆتاییهێنان بەسیستمی پەرلەمان‌و هەڵبژاردن لەهەرێم دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەدهەم بارزانی سیاسەتمەداری ناسراوى کورد لەپەیامێکی به‌په‌له‌و تونددا، هێرشی قورسدەکاتەسەر پرۆسەی دیموکراسی‌و شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، ده‌شڵێت، "ڕێک لەو دوساڵەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، بەتەواوی ڕەوایی پڕۆسەی دەنگدان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئێستادا خرایه‌ ژێر پرسیارەوە"، هاوكات داوای گۆڕینی ڕیشەیی مۆدێلی حوکمڕانیی له‌هه‌رێمى كوردستان دەکات.


ئەدهەم بارزانی له‌ڕێگه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى په‌یامێكى نوسراوه‌وه‌ پێشنیازدەکات، سیستمی پەرلەمان‌و هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا بەتەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.

هاوكات ناوبراو بەتوندی دژ بەبەردەوامبونی دۆخی ئێستا ڕادەوەستێت‌و جەختدەکاتەوە، نابێت چیتر جەماوەرو خەڵکی کوردستان بەم پڕۆسەو دەستەواژانە هەڵبخەڵەتێنرێن.

ئه‌دهه‌م بارزانى بەبۆنەی تێپەڕبونی دوساڵ بەسەر هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەکەمدا، پرسیارێکی ڕون‌و ڕەخنەیی ئاراستەی تەواوی لایەنەکان دەکات‌و دەڵێت، "ئایا یەک هەڵبژاردنیش بەپاکی‌و بێگەردی کراوە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا؟".

ئەم هەڵوێستەى بارزانى، هاوکاتە لەگەڵ توندبونی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بەناکارایی بەردەوامی پەرلەمانی کوردستان پاش دوساڵ لەدەنگدان‌و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمى كوردستان.