شارپرێس:
ژەنراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و
ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی كۆمارى سوریا، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وهفدێكى جەماوەریی شاری
عامودا، پەردەی لەسەر وردەکاریی چاکسازییەکی دەستورییو سەربازیی لادا، عەبدی وتویهتى،
"بڕیاری ستراتیژیی ئێستا بریتییە لەتێكهڵكردنى فەرمیی تەواوی هێزەکانی هەسەدە
لەناو پێکهاتەی سوپای نوێی سوریادا، بەجۆرێک کە سەرجەم شهڕڤانهكانمان لەناوچەکانی
خۆیاندا بەفەرمیو یاسایی ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێننو ئەم وەرچەرخانەش وەک دەستکەوتێکی
مێژویی بۆ گەلی کورد دادەنرێت".
مەزڵوم عەبدی هێڵە گشتییەکانی جێگیربونی هێزە چەکدارەکانی ڕونکردەوەو
وتویهتى، "تەواوی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یهپهگه) بەشێوهیهكى
یاسایی دەگۆڕدرێن بۆ هێزی پاسەوانی سنور كه ژمارهیان نزیكهى ههزارو 700 چەکدارهو
ئەرکی پاراستنی شارۆچکەکانی خۆیانیان پێدەسپێردرێت، پێگەی هێزەکانی پۆلیسی سەربازیی،
کۆماندۆ، یەکەکانی دژەتیرۆر (YAT)و
هێزە تایبەتەکان بەفەرمی جێگیردەکرێن، تەنها هێزە تایبەتەکان بۆ خولێکی ڕاهێنانی
کورتخایەن دەچنە ناوچەکانی (نەبەک) لهدیمەشقو دواتر دەگەڕێنەوەسەر ئەرکەکانی خۆیان".
عهبدى ئهوهشى ئاشكراكردوه، "لەشارەکانی (دێرک، قامیشلۆ، حەسەکە،
کۆبانیو عەفرین) لیوای سەربازیی تایبەت بۆ گەنجانی ناوچەکە دروستدەکرێت (بەجۆرێک
کە تەنها لیوای عەفرین ههزارو 500 شەڕڤان لەخۆدەگرێت)، دڵنیاییش دهدهمه هاوڵاتیان
کە هێزەکانمان تەنها لەسەر خاکو ناوچهكانى خۆیان دەمێننەوەو هیچ چەکدارێکی لههێزهكانى
دیمهشق، ناهێنرێتە ناوچەکانیان".
یەکێک لەهەستیارترین بەشەکانی ڕێککەوتنەکە، ڕێکخستنەوەی جومگە هەواڵگرییەکانە،
وهكو مهزڵوم عهبدى ئاماژهى پێكرد، "بهگوێرهى بڕیارە نوێیەکە، سەدان ئەندامو
ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی سەر بەهەسەدە بەتەواوی دەخرێنەسەر میلاکی دەزگای ههواڵگریى
گشتیی سوریا، ئەم کارمەندانە بەفەرمی لەناو پێگەکانی خۆیاندا لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى
كوردستان) بەردەوامدەبن لەڕاپەڕاندنی ئەرکە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی جێگیرییو ڕێگریی
لەهەر جۆرە دزهكردنێكى هەواڵگریی لەلایەن شانە نوستوەکانى داعشهوه".
سەبارەت بەکەرتی پەروەردەو زمانیش، مەزڵوم عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی
پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندنی کوردی لەقوتابخانەو دامەزراوەکاندا کردەوە، ئهوهشى ڕاگەیاند،
"هێشتا ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم جێگیربونی زمانەکەدا هەیە، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان
لەقۆناغی داهاتودا بریتییە لەدۆزینەوەی چوارچێوەیەکی فەرمیو یاسایی لەناو سیستمو
خەزێنەی حکومەتی ناوەندیدا، تاوەکو دانی پێدا بنرێتو وەک زمانێکی فەرمیی خوێندن لەسەرتاسەری
وڵاتدا بناسرێت".
ژەنراڵ مهزڵوم عەبدی قسهكانى بەوە کۆتایی پێهێنا کە هێزەکانی هەسەدە
لەئێستادا لەهەمیشە بەهێزتر، پڕژمارەترو خاوەن توانایەکی زۆرباشترن، بەڵام وهكو
وتى، "لەم قۆناغەدا لەژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتدا بەیاسایی کاردەکەن تا بەرژەوەندییەکانی
گەلی کورد بەتەواوی پارێزراوبن".
