حیزبی دیموكرات لەبارەی ئەگەری دانوستان لەگەڵ تاران ڕونكردنەوە دەدات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 362 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

مستەفا مەولودی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت، قۆناغی ئێستا دەتوانرێت وەك دەرفەتێكی گرنگ بۆ كوردی ڕۆژهەڵات ببینین لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواكانیدا.

مستەفا مەولودی لەلێدوانێكدا كە میدیای فەرمی حیزبەكە بڵاویكردووەتەوە، ڕایگەیاند، "پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پرسێكی گەرم، زیندوو، جیددی و سەردەمییە و ناكرێت چاوپۆشی لێ بكرێت، بەڵكوو پێویستی بە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە و جیددی هەیە".

ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموكرات لەبارەی ورژوندنی ئەگەری دیالۆگ لەنێوان پارتەكانی ڕۆژهەڵات و كۆماری ئیسلامی دەڵێت" دانوستان هەمیشە وەك یەكێك لە ڕێگاكانی گەیشتن بە ئاشتی دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ حیزبی دیموكرات، پێوەر و بنەمای سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەنگی شەقامی كوردییە. هەمیشە بە گوێگرتن لە خواست و داواكارییەكانی خەڵك، سیاسەت و هەنگاو و داواكارییە سیاسییەكانی حیزبەكەیان دەخەنە بەرباس و بڕیاری لەسەر دەدەن".

مەولودی جەختی لەوەشكردەوە، هەر پارچەیەكی كوردستان خاوەنی هەلومەرج، بارودۆخ و تایبەتمەندیی سیاسی-كۆمەڵایەتی خۆیەتی و بەپێی ئەو واقیعە خەبات دەكات؛ لەو سۆنگەیەشەوە جێبەجێكردنی هیچ پرۆسەیەكی هاوشێوە و لەبەرگیراوە لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا وەڵامدەر نییە و جێبەجێناكرێت.