لەسلێمانی نرخی غازی ماڵان دادەبەزێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتودا نرخی غازی شلی بازرگانی لەشاری سلێمانی نزیکەی 100 دینار بۆ هەر لیترێک دابەزێت، شارپرێسیش زانیاری ورد لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.


عومەر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری دابەشكردنی غازی ماڵان (LPG) لەقائیمقامییەتی سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، بڕیاری دابەزاندنی نرخی غازی ماڵان دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بازرگانان بڕێكی زۆری غازی بازرگانیان كڕیوەو هێشتا ساغ نەكراوەتەوە، بۆیە بڕیارەكە لەرۆژی پێنجشەممەوە جێبەجێ دەكرێت.

ئەوەشیخستەڕوو، لەئێستادا نرخی یەک لیتر غازی ماڵان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون بە 675 دینارەو لەرۆژی پێنجشەممەوە نرخەکەی بۆ 550 دینار دادەبەزێت.

سەرپەرشتیاری دابەشكردنی غاز لەقائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،" بڕیارەکە تەنها غازی بازرگانی دەگرێتەوە، واتە تەنها ستییەکان و ئەو بەنزینخانانە دەگرێتەوە کە غازی بازرگانی دەفرۆشن، نرخی غاز لای بریکاران وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە هەشت هەزارو پێنج سەد دینارە ".