شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند كە ڕۆژی یەكشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە "پێویستی نەهێشتنی ڕژێمی ئێران" قسەی كردووە.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەكدا وتی: ئێمە پابەندین بە تەواوكردنی نەهێشتنی ڕێژیمی ئێران. چەند جارێك لەگەڵ ترەمپ باسی ئەم بابەتەم كردووە، لەنێویاندا دوو ڕۆژ لەمەوبەر".
ناوبراو لە وتارێكدا لە گردبوونەوەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتیشی، هەتا ئەم دەسەڵاتە بوونی هەبێت، تەنانەت ئەگەر لاواز و برینداریش بێت، ئەوەندە بەتوندڕەوی دەمێنێتەوە كە تواناكانی خۆی ئاوەدان دەكاتەوە و دەست بەو كارە دەكاتەوە كە ساڵێك لەمەوبەر هەوڵیدا بیكات كاتێك ڕووبەڕووی بووینەوە، واتە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و دووبارە داڕشتنەوەی میحوەرەكەی ناوچەیی.
لە پێشهاتێكی پەیوەندیداردا، سێ بەرپرسی ئیسرائیل ڕایانگەیاند كە پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریكا لە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو بۆ ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ناتانیاهۆ باسی پرسی ئێرانی كردووە.
وتەبێژی ناتانیاهۆ بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستی كردەوە كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە بنكەی ئاسمانی عۆفدا لە ناوچەی بیابانی نەقەب لە باشوری ئیسرائیل لەگەڵ هێگسێت كۆبووەوە.
