شارپرێس:
ڕژێمی سوریا لەساڵی 2004دا یاسایەکی دەرکرد (یاسای ژمارە 41ی ناوچە
سنوورییەکان)، بهگوێرهى ئەم یاسایە، هیچ هاوڵاتییەک لەناوچە سنورییەکان (کە زۆربەیان
ناوچە کوردییەکانن) بۆی نەبوو زەوییو خانوبەرە بکڕێت، بفرۆشێت، یان زیاتر لەسێ ساڵ
بەکرێی بدات، مەگەر تەنها بەوەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەمنیی لەوەزارەتی بەرگرییو ناوخۆی
سوریا، ئەم مەرجە ئەمنییە زوڵمێكى گەورەی لەکوردانی ڕۆژئاوا کردو پڕۆسەی کڕینو فرۆشتنی
زەویو خانوبەرەی هاوڵاتیانی بەتەواوی پەکخست.
دوێنێ لەپەرلەمانی دیمەشق، پێشنیازێک لەلایەن 22 ئەندامەوە پێشکەشکرا
بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەم یاسایە، بەمەبەستی لابردنی ئەو کۆتوبەندە ئەمنییە
قورسانەو کەمکردنەوەی ڕۆتین، تاوەکو مافی کڕینو فرۆشتنی خانوبەرە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان
بەیەکسانی دابین بکرێت.
هاوكات لەناو کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە، دۆسیەی ئەو زەوییانەی پێشتر
لەچوارچێوەی پڕۆژەی شۆڤێنیی (حزامی عەرەبی) لەخاوەنە کوردەکانیان زەوتکراون، بابەتێکی
جیاوازەو ئەم یاسایە نایگرێتەوە، بەڵکو ئەو مەلەفە نەتەوەییە پێویستی بەبڕیارو دەقێکی
یاسادانانی سەربەخۆ هەیە لەئایندەدا.
پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەدا، مەلەفی حزامی عەرەبی لێکترازانی کۆمەڵایەتییەو
نادادپەروەرییەکی مێژویی گەورەیە دژ بەکورد، بۆیە پێویستی بەدەرکردنی یاساو دەقێکی
تەشریعیی تەواو سەربەخۆ هەیە لەداهاتودا تاوەکو مافەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان
بگەڕێندرێنەوە.
بهگوێرهى زانیارییهكانى شارپرێس، پەرلەمانی سوریا تائێستا بڕیاری
کۆتاییو یەکلاکەرەوەی بۆ هەڵوەشاندنەوە یان مانەوەی یاسای ژمارە 41ی ساڵی 2004ی
ناوچە سنورییەکان دەرنەکردوە، بەڵکو تەنها پڕۆژەیاسای پێشنیازەکە لەلایەن لیژنە
پسپۆڕەکانەوە تاووتوێکراوە.
پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لەلایەن 22 ئەندامی پەرلەمانەوە واژۆکراوەو
پێشکەش بەسەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، ههروهها پەرلەمان لەیەکەم دانیشتنی خولەکەیدا
پێشنیازەکەی وەرگرتوەو ناردویەتی بۆ «لیژنەی دەستورییو تەشریعی» هاوكات لەگەڵ «لیژنەی
پلانو بەرهەمهێنان» بۆ ئەوەی لەڕوی یاساییو ئەمنییەوە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی لەسەر
بنوسن.
دوای ئەوەی ئەم لیژنانە پڕۆژەکە تاووتوێدەکەن، ڕاپۆرتی کۆتایی دەهێننەوە
ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی سەرجەم ئەندامان دەنگی لەسەربدەن؛ بۆیە تاوەکو ئەم چرکەساتە
یاساکە وەک خۆی کاتییەو نەهەڵوەشاوەتەوە، بەڵکو لەژێر پڕۆسەی گفتوگۆدایە.
