شارپرێس:
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، چاودێریی یان وادەیەکی دیاریکراوی بۆ داماڵینی چەکو دەستبەرداربون لەچەکی حزبەکەی دانەنا، بەڵام مەرجێکی سیاسیی دانا کە دەتوانێت تفەنگەکان بێدەنگ بکات؛ ئەو مەرجەش خۆی لەدامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیدا دەبینێتەوە کە دان بەمافەکانی کورددا بنێتو دەرفەتی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیانیان پێبدات، لەچوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵیی نوێدا کە لەسەر بنەمای هەژمونی نەتەوەیی یان ئایینی بونیادنەنرێت.
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (شەفەق نیوز)، کەریمی باسی لەپاشەڕۆژی ئێران کرد لەئەگەری ڕوخانی کۆماری ئیسلامیدا، هاوكات لەگەڵ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی کوردو هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەرەکانی تێوەگلان لەڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی نوێ، چارەنوسی چەکی کوردیو پەیوەندییەکانی حزبەکەی لەگەڵ بەغداو هەولێر.
سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەر سەربەخۆیی حزبەکەییو ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی هەر جۆرە پاڵپشتییەک لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا یان هەر هێزێکی دەرەکی، کەریمی دەرگای بەڕوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا دانەخست؛ ناوبراو پێیوایە، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردو شێوازی سیستمی سیاسیی داهاتوی ئێران، ئەو پێوەرانەن کە بژاردەو هاوڕێیەتیو هاوپەیمانێتییەکانی حزبەکەی دیاریدەکەن.
ئەم هەڵوێستانەی کەریمی لەقۆناغێکی زۆر هەستیاردا دێن بۆ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە ئێستا ڕوبەڕوی دوو ئاڵۆزیی بونەتەوە؛ یەکەمیان دیاریکردنی پێگەی خۆیانە لەهەر گۆڕانکارییەکی ئەگەرى لەڕژێمی ئێراندا، دوەمیشیان ئەو گوشارە ئەمنیو سەربازییانەن کە پەیوەندییان بەبونی هەندێک لەبارەگاکانیانەوە هەیە لەهەرێمی کوردستان، تێیدا بنکەکانی سەر بەم پارتانە لەماوەی مانگەکانی ڕابردودا ڕوبەڕوی هێرشی دوبارەبوەوەی موشەکیو درۆن بونەتەوە.
ئێرانێکی نوێ.. بەڵام بە چ سنورێکەوە؟
لەتێڕوانینیدا بۆ ئێرانی پاشەڕۆژ، کەریمی پڕۆژەیەک بۆ سەرلەنوێ دروستكردنهوهى دەوڵەتی ناوەندیی بەشێوازێکی سیاسیی جیاواز ناخاتەڕوو، بەڵکو داوای سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سیستمەکە دەکات لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراتی لامەرکەزیی، کە پشت بەفیدراڵییەت ببەستێتو دەسەڵاتی فراوان بداتە هەرێمەکان لەبەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا.
کەریمی دەڵێت، "پڕۆژەی ئێمە بۆ ئێرانی داهاتوو، دامەزراندنی کۆماری ئێرانی دیموکراتی لامەرکەزییە"، ڕونیشیدەکاتەوە، "دابەشکردنی دەسەڵات دەبێت لەسەر بنەمای سیستمێکی فیدراڵی بێت کە پشت بەئیرادەی دانیشتوانو دیموکراسیی ڕاستەوخۆ لەکارگێڕیی خۆجێییدا ببەستێت".
هاوسەرۆکی پژاک ئەم پڕۆژەیە دەخاتە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنوس، ئەمەش ئەو پرەنسیپەیە کە دەڵێت، "تەواوی ئەو هێزانەی لەناو هاوپەیمانێتیی پارتە کوردستانییەکانی ئێراندان، بەکۆدەنگی پەسەندیان کردوە".
بەڵام ئەو پرسیارە زۆر هەستیارە بریتییە لەوەی ئایا، ئەم مافە دەکرێت لەکۆتاییدا بەرەو سەربەخۆیی (جیابونەوە) هەنگاوبنێت، یان لە ناو سنورەکانی دەوڵەتی ئێراندا دەمێنێتەوە، لەوەڵامدا، کەریمی بەڵێنێکی کۆتایی بۆ دورخستنەوەی بژاردەی جیابونەوە پێشکەشناکات، بەڵکو ئامادەییەکی ڕون پیشان دەدات بۆ قبوڵکردنی ئێرانێکی یەکگرتوو، بەمەرجێک پێناسەی شوناسی نیشتمانی سەرلهبهرى نوێبکرێتەوەو مافی پێکهاتەکانی لەدەستورێکی نوێدا زامن بکرێت.
ئهوهشى وتوه، "شوناسی ئێرانی پێویستی بەسەرلەنوێ پێناسەکردنەوە هەیە تاوەکو سەرجەم ناسنامەکان خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، پێموایە شەرعییەتی دەوڵەتی داهاتوو ناتوانێت بەبێ بەشداریی ئازادانەی پێکهاتەکانی بەدی بێت، لە پاڵ زامنکردنی حوکمی خۆبەڕێوەبەری، مافەکانی ژنان، مافی ڕێکخراوەییو دەربڕین، بەدور لەجیاکاریی نەتەوەییو ئایینی، ئێرانێک ئەگەر وەڵامی ئەم مەرجانە بداتەوە، دەبێتە نیشتمانێکی هاوبەش بۆ سەرجەم هەمەجۆرییەکانی ناو جوگرافیای ئێران".
کەریمی پڕۆژەکەی تەنها لەسەر کورد کورتناکاتەوە، بەڵکو وەک تێڕوانینێکی سیاسیی پێشکەشیدەکات کە (عەرەب، بەلوچ، ئازەری)و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییو ئایینییەکان دەگرێتەوە، لەسەر بنەمای بەشداریی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەگەڵ پاراستنی مافی هەر پێکهاتەیەک لەخۆبەڕێوەبردنی تایبەت بەخۆیدا، پێشیوایە، دۆسیەی کورد ململانێیەکی ڕەگەزی نییە، هێندەی ئەوەی دەرەنجامی نەبونی دیموکراسیو هەژمونی دەوڵەتی نەتەوەیی ناوەندییە، بۆیە چارەسەرەکەی بەستراوەتەوە بەگۆڕینی سروشتی سیستمی سیاسیی ئێران خۆیەوە.
چەکێک کە چاوەڕێی سیاسەت دەکات
سەرەڕای ئەو زمانە سیاسییەی کە کەریمی لەقسەکردنیدا دەربارەی ئێرانی داهاتوو بەکاریدەهێنێت، چەک هێشتا وەک یەکێک لەپڕ پڕمشتومڕترین مەلەفەکان لەئەزمونی "پژاک"دا دەمێنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەخۆیەوەی بینی کاتێک لەئایاری 2025دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆییو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریی لەچوارچێوەی ڕێڕەوی ئاشتیدا لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند.
ئەگەرچی هەردوو حزبەکە خاوەنی نزیکایەتیی فیکرییو ڕێکخراوەیی مێژویین، بەڵام کەریمی جەخت لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری حزبەکەی دەکاتەوەو بەستنەوەی ئۆتۆماتیکی نێوان بژاردەکانی پەکەکەو پاشەڕۆژی سەربازیی پژاک ڕەتدەکاتەوە.
لهو ڕوهوه دەڵێت، "بڕیارەکانی پهكهكه خۆیان دەیدەنو بڕیارەکانی پژاکیش سەرکردایەتیی ئێمە دەیدات، پژاك خهباتى چەکداریی وەک ستراتیژییەک بۆ ڕزگاریی نیشتمانی بەو شێوازەی بزوتنەوەکانی سەدەی بیستەم پەیڕەو ناکات، دۆسیەی کورد لەئێراندا لەجەوهەری خۆیدا سیاسییەو پێویستی بەچارەسەری سیاسیی هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران لەگۆشەنیگایەکی ئەمنیو سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی کورددا دەکەن، ئەمەش بەرگریی لەخۆکردن دەکاتە ناچاریی لە بەردەم سەرکوتکردندا".
لەڕونترین دەستەواژەشدا سەبارەت بەپاشەڕۆژی باڵی چەکداریی حزبەکەی (یهكینهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستان ـ یهرهكه)، کەریمی جەختدەکاتەوە، "کەی سیاسەتی دیموکراتیو یاسا وەک میکانیزمی سەرەکی بۆ چارەسەری دۆسیەی گەلەکەمان کەوتەکار، چەکەکان بێدەنگ دەبنو دوای ئەوە هیچ پێویستییەک بەچەک نابێت".
سەرهڕای ئەمەش، کەریمی هێڵکاریی کاتیی بۆ داماڵینی چەک یان میکانیزمێکی دیاریکراو بۆ گۆڕان لەکاری چەکدارییەوە بۆ سیاسەت ناخاتەڕوو، ئەمەش وادەکات ئەم ئەگەرە بەسروشتی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لەئێرانو ئەو گرەنتییانەی لێیدەکەوێتەوە ببهسترێتهوه، ئەم مەلەفەش ڕەهەندێکی زیاتر وەردەگرێت بەهۆی مێژوی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان پژاکو پەکەکە، چونکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەساڵی 2009دا پارتە کوردییە ئێرانییەکەی خستە ناو لیستی سزاکانییەوە بەهۆی ئەو بەستراوە ڕێکخراوەییانەی کە واشنتۆن ئەوکاتە وتی، پێکەوە لەگەڵ پەکەکەدا کۆیاندەکاتەوە.
واشنتۆنو ئیسرائیل.. پەیوەندیی یان هاوپەیمانێتی؟
لەمەلەفی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، کە لەگەڵ توندبونهوهى ململانێی نێوان ئێرانو نەیارە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانییدا هەستیارتر بوە، کەریمی وەرگرتنی هەر جۆرە پاڵپشتییەک لەلایەن ئەمریکا یان هێزەکانی دیكهوه ڕەتدەکاتەوە.
ئهوهش دهڵێت، "ئەمە مافی ئێمەیە کە مامەڵەی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەر هێز یان لایەنێکدا هەبێت، بەڵام جیاوازیی دهكهین لەنێوان دروستکردنی پەیوەندیی سیاسییو پشتبەستن بەدەرەوە، پژاك هاوکاریی یان پاڵپشتیی لەهیچ لایەنێکەوە وەرنەگرتوە، لەوانەش ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئێمە بزوتنەوەیەکی سەربەخۆینو پارێزگاری لەم سەربەخۆیییە دەکەین، هەر پەیوەندییەکی دەرەکیی ئەگەریى، دەبێت لەژێر بڕیاری ئەو پێوەرانەدابێت کە پەیوەندییان بەمافەکانی گەلی کورد، بەرژەوەندییەکانیو پاشەڕۆژی سیستمی دیموکراتی لەئێراندا هەیە".
سەربارى ئەوەی پرسیارەکە پەیوەندیی ئەگەرى بەئیسرائیلیشەوە دەگرتەوە، بەڵام کەریمی هیچ وردەکارییەکی ڕاستەوخۆی دەربارەی بونی کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵیدا یان نەبونی نەخستەڕوو، بەڵکو تەنها جەختی لەسەر مافی حزبەکەی کردەوە لەمامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا بهگوێرهى ئەوەی پێی دەڵێت، واقیعییەتی سیاسیی، بەدور لەلێکدانەوە ئایدۆلۆژییەکان.
سەبارەت بەئەگەری هەڵگیرسانی ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لەنێوان ئێران لەلایەکو ئەمریکا یان ئیسرائیل لەلایەکی دیكهو ئایا حزبەکەی، ئەو دهرفهته بۆ جوڵەی سەربازیی دەقۆزێتەوە یان نا، کەریمی خۆی لەپێشکەشکردنی بەڵێنێکی پێشوەختە بۆ تێوەگلان لەجەنگێکی هەرێمیدا بەدورگرت، بەڵام لەبەرامبەردا جەختیکردەوە، "پژاک" خاوەنی ئامادەییو چالاکییە لەناوخۆی ئێرانداو چاوەڕێی هیچ هێزێکی دەرەکی ناکات تا ڕێگهی جوڵەی بۆ واڵا بکات.
ناوبراو ئهوهشى ڕونكردهوه، "ئێمە پێویستمان بەوەنییە کە کەس ڕێگهمان بۆ بکاتەوە، ئێمە خۆمان دەرفەتی خۆمان دروستدەکەین، پژاك دەستوەردان دەکات لەهەر شوێنو کاتێکدا کە پێویست بێت لەپێناو ئازادیو پاراستنی بونی گەلدا، بڕیاری گەلەکەشمان ئەوەیە، بچێتە ناو جەنگێکەوە کە تایبەتە بەخۆمانو لەپێناوی خۆماندایە"، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی پێشکەشکردنی جوڵە کوردییەکان وەک پاشکۆیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ هەر ڕوبەڕوبونەوەیەک کە هێزە دەرەکییەکان دژ بەتاران ئەنجامیدەدەن.
تاقیکردنەوەیەک بۆ پاشەڕۆژ
حساباتی "پژاک" تەنها لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ تارانو هێزە نێودەوڵەتییەکاندا ناوەستێت، چونکە حزبەکە خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیكهدا دەدۆزێتەوە کە پەیوەندیی بەتوانای کارکردنی هاوبەشەوە هەیە لەگەڵ بەشەکەی دیكهى ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە ساڵانێکی درێژ بەدەست لێکترازانە فیکری، سیاسییو ڕێکخراوەیییەکانەوە ناڵاندویەتی.
لە22ی شوباتی ئهمساڵدا، پێنج پارتی کوردی ئێران بەفەرمی دامەزراندنی (هاوپەیمانێتیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران)یان ڕاگەیاند، کە پێکهاتون لە(پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، ڕێکخراوی خەباتو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانێتییە لەناو گەرمەی هەڵکشانی ئاڵۆزییە سیاسییو ئەمنییەکان لەئێراندا هاتو لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەگەڕان کرد بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی کاریگەرتر لەپاشەڕۆژی وڵاتەکەدا.
کەریمی پێیوایە، هاوپەیمانێتییە نوێیەکە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی هاوبەشە بۆ دەرفەتو مەترسییەکان، بەڵام بەناڕاستەوخۆ دان بەوەدادەنێت، ڕێککەوتن لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی یەک نەیاری سیاسیی بەس نییە بۆ زامنکردنی بەردەوامبونی، ناوبراو دەڵێت، "نابێت تەنها لەسەر بنەمای دەرفەت یان مەترسییە هاوبەشەکان یەکبگرین، داوادەکهم پڕۆگرامێکی سیاسیی تۆكمه بۆ پاشەڕۆژ بونیادبنرێتو دیالۆگێکی قووڵ دەربارەی ڕۆڵی پارتە کوردییەکانو ستراتیژیان ئەنجامبدرێت".
جەخت لەسەر پێویستیی مانەوەی جیاوازییە فیکریو سیاسییەکانی نێوان ئەو هێزانەش دەکاتەوە، بەمەرجێک بگۆڕدرێن بۆ زەمینەیەک بۆ دیالۆگ، نەک ببنە هۆکار بۆ دورخستنەوەو لێکترازان، دهشڵێت، "هاوپەیمانێتییەکە وەک ئەزموونێکی تایبەتو مەیدانیی ڕاهێنان لەسەر دیموکراسی سهیر دهكهین، هیوا دهخوازم ببێتە مۆدێلێک کە بتوانرێت سودی لێوەربگیرێت لەسەر ئاستی ئێرانی پاش هەر وەرچەرخانێکی سیاسیی".
بەڵام ئەم نزیکایەتییە لەژێر سێبەری ئاڵۆزیگەلێکدا بەڕێوەدەچێت کە سەرجەم جیاوازییە ناوخۆیییەکان تێدەپەڕێنێت، پاشئەوەی بارەگاو کەمپەکانی سەر بەپارتە کوردییەکانی ئێران لەهەولێرو سلێمانی لەماوەی ئهمساڵدا ڕوبەڕوی زنجیرەیەک هێرش بونەوەو سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەرپرسیارێتیی هەندێک لەو گورزانەی گرتە ئەستۆ کە ئەم گروپانەیان کردبوە ئامانج.
بەغداو هەولێر
کاتێک گفتوگۆکە دەچێتەسەر مەلەفی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، کەریمی گێڕانەوەیەک پێشکەشدەکات کە لەسەر بنەمای بەکارنەهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژ بەئێران بونیادنراوەو بونی هەر ناڕێککەوتنێک لەنێوان حزبەکەییو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی ڕابردودا ڕەتدەکاتەوە.
ناوبراو ڕایدەگەیەنێت، "لەماوەی 22 ساڵی خەباتماندا، هیچ کێشەیەکمان نە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانو نە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نەبوە، گهریلاكانى پژاكو ئەندامەکانی لەناوجەرگەی ئێراندا جێگیرنو چالاکی دەکەن، ئێمە بەهیچ شێوازێک خاکی عێراقمان بۆ ئەنجامدانی چالاکی دژ بەکۆماری ئیسلامی بەکارنەهێناوە، پێشموایه، سوربونی حزبەکەمان لەسەر ئەم هەڵوێستە، دەرفەتی پاراستنی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەغداو هەولێردا بەتەواوی هێشتوەتەوە".
