شارپرێس:
تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەستبەکاربونی یاسر مالیکی (زاوای نوری مالیکی) وەک وەزیری نوێی ناوخۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەفەرمی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی نوێو مەترسیداری لەگەڵ بەغدا ئاشكراكرد، بهگوێرهى ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەی زە ناشناڵ-ى ئهمریكى، گۆڕانکاریی نوێ لەلوتکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە جومگەی یەکلاکەرەوەی مەلەفی کەمپو نیشتەجێبونی بیانییەکانە، واقیعی ئەمنیی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەهەرێم گۆڕیوە؛ بەشێوازێک، تاران ئێستا بەفەرمی داوای دەرکردنی یەکجاری یان ڕادەستکردنەوەی ڕاستەوخۆی سەرجەم چەکدارەکانیان دەکات.
ئێران دوێنێ سێشەممە، گەیشتن بەڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند، بهگوێرهى ئەو ڕێککەوتنە دەبێت چەکدارانی هێزهكانى ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی (حزبهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستان) نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەربکرێن یان ڕادەستی تاران بکرێنەوە، ئەم هەنگاوەش لەوانەیە گۆڕانکاریی لەهەڵوێستی بەغدا بەرامبەر بەم ڕێکخراوانە نیشانبدات، ئەوەش لەکاتێکدا کە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنە بڵاونەکراوەتەوە.
ڕۆژنامەی (زە ناشناڵ) ئاماژەی بەوەکردوە، محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەبەغدا ئەو ڕێککەوتنەی پاش کۆبونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەشی عێراقو ئێران ڕاگەیاندوە کە ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو لەبەغدا ئهنجامدرا، بەبەشداریی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقو نوێنەرانی حکومەتی هەرێمیش.
باڵیۆزی ئێران، لەبڵاوکراوەیەکدا لەسەکۆی ئێكس نوسیویهتى، هەردولا ڕێککەوتون لەسەر دەرکردنی هێزهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستان كه لەهەرێمی کوردستان نیشتهجێن یان ڕادەستکردنەوەیان بەئێران، بەڵام ئەو بەیاننامە فەرمییەی لەلایەن لایەنی عێراقییەوە دەرکراوە، باسی لەدەرکردنی ئۆپۆزسیۆنی کورد یان ڕادەستکردنەوەیان نەکردوە، بەڵکو تەنها ئاماژەی بەتاووتوێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ئەمنیی هاوبەشو گفتوگۆکردن لەسەر مەلەفە هەڵپەسێردراوەکانو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان کردوە.
زە ناشناڵ ئهوهشى ڕونكردوهتهوه، تائێستا هیچ لێدوانێکی خێرا لەلایەن حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لەسەر ئەم ڕاگەیاندنە ئێرانییە بڵاونەکراوەتەوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری هێژا بهرنجی نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەئەمریکاوه بڵاویكردوهتهوه، حزبەکەیان تائێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراق یان حکومەتی هەرێمهوه دەربارەی بڕیاری دەرکردنی هێزهكانیان پێنەگەیشتوە.
هاوكات ڕۆژنامهكه لەزاری بەرپرسێکی یەکێک لەپارتەکانی دیكهى ڕۆژههڵاتى كوردستانهوه کە داوایکردوە ناوی ئاشكرانەکرێت دهڵێت، "ئەم ڕێکخراوانە چاوەڕێی ڕونکردنەوە دەکەن، چونکە حکومەتی هەرێم وەک لایەنی ناوەندو نێوەندگیر لەم دۆسیەیەدا سەیر دەکرێت".
ئەم ڕاگەیاندنە ئێرانییە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوەدێت، پەرلەمانی عێراق بەفەرمی ڕەزامەندیدا لەسەر دیاریکردنی یاسر مالیکی (زاوای نوری مالیکی) وەک وەزیری نوێی ناوخۆی عێراق.
عێراقو ئێران لەئاداری 2023دا ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییان واژۆکردبوو، بهگوێرهى ئەو ڕێککەوتنە بەغدا بەڵێنیدابوو، تەواوی ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران چەک داماڵێت، لەناوچە سنورییەکان دوریان بخاتەوەو ڕێگریی بکات لەبەکارهێنانی خاکەکەی بۆ بەستنی هێرش دژ بەئێران، ههروهها ڕێککەوتنەکە گواستنەوەی چەکدارانی هێزهكانى گرتەوە، لەنێویاندا، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەو پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، بۆ شوێنی دور لەسنورەکانی ئێران، هاوكات لەگەڵ تەرخانکردنی کەمپی تایبەت بۆ جێگیرکردنی خێزانەکانیان.
تاران ئەم هێزانهى ڕۆژههڵات تۆمەتباردەکات بەئەنجامدانی چالاکیی چەکدارییو هەڕەشەکردن لەئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی، لەپاڵ نانەوەی پشێویی ناوخۆیی، بهڵام ئەم هێزانەش ئەو تۆمەتانەى ئێران بەتەواوی ڕەتدەکهنهوه.
پێشترو لەهەفتەی ڕابردودا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕەخنەی لەجوڵهى ژمارهیهك لەڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران گرتو پێیوابوو، ئەوان هەرێمى كوردستانیان خستوەتە ناو دۆخێکی زۆر سەختەوە.
بارزانی جەختیکردهوه، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بگۆڕدرێت بۆ حەشارگەیەکی ئارام بۆ ئەو هێزە چەکدارانەی کە خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لەدەوڵەتێکی دراوسێ بەکاردەهێنن.
سەرەڕای ئەوەی بەغدا بەشێک لەبەندەکانی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەی جێبەجێکردوە، لەوانەش دورخستنەوەی هێزهكان لەسنورەکانو داخستنی بارەگاکانی سەر بەئهوان، بەڵام ئێران بەردەوامه لەتۆمەتبارکردنی عێراق بەوەی ڕێکاری پێویستی نەگرتوەتەبەرو چەندین هێرشی موشەکیو درۆنیشى دژ بەبنکەو شوێنى حهوانهى خێزانهكانیان لەهەولێرو سلێمانیدا ئهنجامداوه.
جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ دەرکردنی هێزهكاى ڕۆژههڵاتى كوردستان یان ڕادەستکردنەوەیان بەئێران، دەبێتە هۆی دروستبونی کێشەی یاساییو مرۆیی قورس، بەتایبەتی کە هەزاران پەنابەری کوردی ئێرانی لەپاش ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە لهههرێمى كوردستان نیشتەجێبونو دەژین.
