کەمال رەئوف _ شارپرێس:
دواجار دكتۆر مەحمود عوسمان، بریاریدا بیرەوەرییەكانی لەسێ بەرگدا كۆبكاتەوە، بەرگی یەكەم لەساڵانی 1938 وە تا 1991 ، بەرگی دووەمی لە 1992 وە بۆ 2003 و بەرگی سێهەمیشی لە 2004 وە بۆ2015، بەگشتی بەهەرسێ بەرگەكە 1113 لاپەرەیە.
دكتۆر هەوڵی داوە بیرەوەریەكانی بەزمانێكی سەردەمیانەی سادە، دور لەكینەو مەرایی، بخاتە پێشچاوی خوێنەران، لەوەش گرنگترهەوڵیداوە بەئامانەتییەكی زۆرەوە بیرەوەرییەكانی بنوسێتەوە، بۆیە كەمرۆڤ دەیخوێنێتەوە، دەتوانێت دیمەنكانی ناو رووداوەكان رۆشنتر ببینێت.
بەداخەوە تائیستا بەرگی یەكەمیم خۆێندۆتەوە كە 370 لاپەرەیە، دیارە بۆچونانەكانیشم لەسەر ئەو بەرگەیە كە باسی رووداوگەلێكی زۆر هەستیارو باسی ئەو میژوە دەكات كە بۆ زۆرێك گرنگە، چونكە بەداخەوە ئەو میژووە و رووداوەكانی زۆر لایەنی تائێستا بەنارۆشنی ماوەنەتەوە، بۆیە گرنگە كەلە قەڵەمێكی ئەمین و بێ لایەندار، یان شایەتحاڵێكی رووداوەكان بنوسرێتە.
میژووی بەرگی یەكەم، نیوسەدەیە، زۆر رووداوی گرنگ هەیە كە لەوماوەیەدا رویانداوە، قسەو باسێكی زۆری لەسەرە، هەنێك ویستویانە هەمووی رەش نیشان بدەن هەندێكیش ویستویانە تەنها لایەنە جوانەكان بخەنە روو، بەتایبەت لەباسكردنی چۆنیەتی سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی باڵی مەكتەب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەساڵانی شەستەكاندا و دواتر هەردوو باڵی جەلالی و مەلایی، بابەت و نوسنی زۆر دژبەیەك هەیە، یان لەدەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان شۆرش و رژێمی ئەوكاتەی بەعس لە سەرەتای حەفتاكان تا هەرەسهێنان.
دكتۆر مەحمود بەهۆی ئەوەی كە خۆی لەلاوێتیدا راستەوخۆ بەشدار بوە و دواتریش بوتە یەكێك لەو سەركردانەی كە لەناو دڵ و رۆحی روداوەكانی سەردەمە هەستیارەكان بووە، بۆ نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی كەمتر پشتی بەگێرانەوەی قسەی كەسی سێهەم بەستوە، زیاتر ئەو روداوانە باس دەكات كە خۆی راستەوخۆ تیایدا بەشدار بوە، جگەلەوەش بیرەوەریەكان بەحۆرێك نوسراوە كە بەتەواوی ئەو هەستە لای خوێنەر دروست دەكات كە ئەو مەبەستی نییە خۆی وەك پاڵەوان نیشان بدات، بەپێچەوانەوە لە زۆر شوێندا رەخنە لەهەڵوێستی خۆی و هاورێكانیشی دەگرێت، بەتایبەت لەسەر تیرۆركردنی سەركردەو ئەندامانی حزبی دیموكراتی ئیران كە لەلایەن پارتی دیموكراتەوە لەسەردەمی شای ئیراندا رویانداوە، لەوانە دیدی دكتۆر بۆ شەهید كردنی سڵیمانی موعینی جگەلەوەی وەك تیرۆر باسی دەكات و دەڵیت بەداخوازی ساواكی ئیران بوە، ئاماژە بەوەش دەكات كە بەشێكی زۆر لەئەندامانی مەكتەب سیاسی ئەوكاتە ئاگاداری تاوانەكە نەبوون.
دكتۆر مەحمود لەباسی مەلامستەفادا بوێرانە تیشك دەخاتە سەر لایەنە جوان و ناشرینیەكان، ئەو نەیویستوە كەس لەخۆی رازی بكات، بۆیە هەردوو دیوەكە، تاڵ و شیرن پێكەوە باس دەكات و خۆی پاراستوە لەكینەو مەرایی، بۆیە خوێنەر دەباتە ناو دۆخێكەوە وەك ئەوەی سەیری فلیمێكی دیكۆمنتاری ئەو مێژووە بكات. لەباس كردنی سەرهەڵدانی كیشەكانی باڵی مەكتەب سیاسی و مەلامستەفا، چەند دیمەنێك دەخاتە روو، كە دەكرا ئەو رووداوە تاڵانە هەرگیز رویان نەدایە، هەڵە وهەڵویستە جوانەكانی سەركردەكان تاك تاك دەخاتە روو، هەوڵەكانی ئاشتی بۆ روونەدانی ئەو رووداوانە دەخاتە روو، بەكورتی ئەوەی ئەو دەیەویت بەخوێنەر بڵیت، بەشێكی زۆری شكستەكانی شۆرشەكان بەهۆی ئەوناتەباییی ململانێیەتەوە بوە،پاشان ئەو دۆخە دەبەستیتەوە بە رووداوەكانی شەری ناوخۆی دوای راپەرین و تەبا نەبوونی ئێستای پارتی و یەكیتیش، دەبەستێتەوە بە دریژەبوونەوەی ئەو دژیەكییەو بەشێكی زۆری پەیوەستە دەكات بەم پاشخانە سیاسییەوە كە سەركردەكان نەیان توانیوە دوایی 60 ساڵ هیشتا لەو دۆخە دەرچن.
لە جەولەكانی مەلا مستەفا بۆ ئیران و ئیسرائیل كەخۆی زۆربەی كات یاوەری بوە، لەگفتوگۆكانی لەگەڵ سەددام، باسی تواناو زیرەكی مەلامستەفا دەكات، بەڵام بێ بەشیشی ناكات لەرەخنەكانی و نیشاندانی كەموكورتیەكان. ئەو دەیەوێت بێ ئەوەی بەراوردكاری بكات، بەسەركردەكانی ئەمرۆ، باسی كۆمەڵایەتی بوونی مەلامستەفا دەكات كە چۆن بەردەوام لەناو خەڵكدا بوەو گەرمیان و كۆیستانی كردوە و ویستویەتی لەگەڵ هەموو چین و تویژەكان وتوویژ بكات، راشكاوانە باس لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدادی ئەوكاتەو پارتی و لایەنەكانی تردەكات كە چۆن زۆرجار كەوتونەتە داوی ئەوانەوە و بەردەوام كورد بە یەكنەبوونی گۆفتوگۆیان كردەوە و ئەوەش خاڵی لاوازی لایەنی كوردی بووە.
كاتێك باسی 11ی ئازارو پەیوەندیەكانی خۆیان و ئیسرائیل و شای ئیران و ئەمریكا و روسیا دەكات، زۆر بەئازارەوە باسی ئەوە دەكات كە ئەوان بەردەوام دەرگایان بەرووی كورددا داخستوە و وەك كارتی گوشار مامەڵەیان لەگەڵ شۆرش و خەباتی كورددا كردوەو كوردانیش بەردەوام لەناو خۆیاندا هەر ناكۆك و دژ بەیەك بوون، تەنانەت بەشێك لەو رۆژنامەنووسە بیانیانەش كە دۆستی كورد بوون و هاتونەتە ناوچەكە ئەم چیرۆكە ناخۆشانەیان لەزاری مەلامستەفاوە بۆ باس كراوەو لایەنەكان قسەی توندیان لەسەر یەكرتی كردوە.
كاتێك دێتە سەر مام جەلال باسی رۆڵی گەورەو تواناو ئیرادەی بەهێزی دەكات، لەزۆرشوێنی بیرەوەریەكان باسی مام جەلال دەكات بەوكاتانەشەوە كە لەناو سەركردایەتی پارتیدا و دواتریش لەشۆرشی نوێدا، ئەو وای نیشان دەدات كە مام جەلال هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بوەو دژی شەر بووە، بەڵام كە دێتە سەرباسی سەردەمی بەكرەجۆ ئەویش بێ بەش ناكات لەرەخنەو سەرنجەكانی ئەو قۆناغە و بەهەڵەی گەورە و كوشندەی دەداتە قەڵەم.
رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە گرنگترین یاداشت ونوسین بۆ رووداوەكانی ئەو سەردەمە، بۆیە گرنگە بۆ هاوتەمەنەكانی ئیمە كە ئەو سەردەمانە بەهۆی تەمەنەوە بێ ئاگابووین لەرووداوەكانی ساڵانی شەستەكان، ئەم بیرەوەرییانە بەتایبەت بەرگی یەكەم بەوردی بخوێننەوە.
