شارپرێس:
سەرچاوەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، دەیان فڕۆکەی جەنگیی
سەر بەهێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو فڕینێکی ئاسایی مەشقییان ئەنجامداوە
کە تێیدا گەیشتونەتەسەر سنورەکانی ئێران، لەپڕۆسەیەکدا کە سەرچاوەکان دەڵێن،
ئامانجی چاوترسێنکردنو ڕێگریکردن بوە لەتاران بۆ ئەنجامنەدانی هیچ هێرشێک دژ بەئیسرائیل
پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لە27ى ئهم مانگهدا ئەنجامبدرێت.
ئەو سەرچاوانە بهماڵپەڕی ئەکسیۆس-ى ئهمریكیان وتوه، هێزی ئاسمانیی
ئیسرائیل مانۆڕێکی تاقیکاریی کتوپڕی ئەنجامداوە کە تێیدا دەیان فڕۆکەی جەنگی لەگەڵ
فڕۆکەی تایبەتیی سوتەمەنیبەخشین بەشدارییان تێداکردوە، ئەم فڕۆکانە بەئاسمانی عێراقو
سوریادا ڕۆیشتونو ڕێک ئەو ڕێگهیەیان بەکارهێناوە کە بڕیارە لەکاتی جەنگی ڕاستەقینەدا
بۆ بۆردومانکردنی ئێران بەکاریبهێنن، بەڵام هێرشیان نەکردوە، بەڵکو کاتێک گەیشتونەتە
نزیک سنوری ئێران، تەنها بۆ چاوترسێنکردنی تاران خولاونەتەوەو دواتر گەڕاونەتەوە بۆ
ئیسرائیل.
ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕێک لەهەمان ئەو ڕۆژەدا جێبەجێکرا کە تێیدا پیت هیگسێت
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبنکەی
ئاسمانیی عۆفدای ئیسرائیلی کۆبوەوە، بەڵام سەرچاوەکان جەختیانکردەوە، ئەم فڕینە
ئاسمانییە هیچ پەیوەندییەکی بەسەردانەکەی هیگسێتەوە نەبوە.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک لەبەرپرسانی ئیسرائیلو ئەمریکا ئەم فڕینەیان وەک
ڕێکارێکی ئاسایی بۆ چاوترسێنکردنی ئێران وەسفکردوە، بەڵام هاوكات مەترسیی هەڵەسەنگاندنو
تێگەیشتنی نادروستی لێکەوتوەتەوە کە دەکرا ببێتە هۆی پەرچەکرداری ئێرانو سەرلەنوێ
هەڵگیرسانەوەی جەنگ.
بهگوێرهى وتەی سەرچاوەکان، ئیسرائیل تەواو ئاگاداری ئەوەبوە کە سیستمی
بەرگریی ئاسمانیی ئێران درک بەم فڕینە ئاساییە دەکات، بۆیە پێشوەختە واشنتۆنی
ئاگادرکردوەتەوە کە ئەم پڕۆسەیە تەنها مەشقێکی ڕاهێنانو تاقیکردنەوەیە بەمەبەستی
نیشاندانی هێزو ڕێگریکردن لەئێران بۆ وەشاندنی هێرش پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان.
هەندێک لەسەرچاوە ئەمریکییەکانیش وتویانه، گومانو تێڕوانینیان وابوە
کە ئیسرائیل هیوای دەخواست ئێران تەقە لەفڕۆکەکانی بکات، تاوەکو ئەوە ببێتە هۆکارو
پاساوێک بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بەتاران، فۆکس نیوز-یش سێشەممەى ڕابردوو بڵاویكردهوه،
"هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل مەشقێکی ئاسمانیی تاقیکاریی بەرەو ئاڕاستەی ئێران جێبەجێکردوە".
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن، ماڵپەڕه ئهمریكیهكه لەهەفتەی ڕابردودا
ئاشکرایکردبوو، ناتانیاهۆو دۆناڵد ترەمپ، لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ئەگەری
جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانو نوێیان دژ بەئێران پێش بەڕێوەچونی
هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا تاووتوێکردوە.
لەمیانی ئەو گفتوگۆیانەدا، ناتانیاهۆ نیگەرانیی خۆی بەترەمپ ڕاگەیاندوە
دەربارەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئیسرائیل کە ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران هەنگاوی
مەترسیدار دەنێت بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
هاوكات، ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەدان کینی سەرۆکی
دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکاى وتوه، دەستپێکردنەوەی جەنگ لەوکاتەدا لەوانەیە
ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بەهۆی ئەگەری پەرچەکرداری توندی ئێرانەوە.
لەسەرەتادا وابوو کە ترەمپ مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هەبێت،
بەڵام دواتر ڕاڕایی نیشانداوه، پێشئەوەی لەکۆتاییدا بڕیاربدات کە پێشنیازەکەی
ناتانیاهۆ بەتەواوی ڕەتبکاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاند، زامیر ڕێگه بەهیچ
چالاكییەکی سەربازیی بێ پاساو نادات کە ببێتە هۆی تێکدانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی
27ی تشرینی یەکەم، ئهمهش لهكاتێكدایه، دوێنێ ناتانیاهۆ لەمیانی بەشداریکردنی لەڕێوڕەسمی
دەرچونی خولێکی سەربازیدا، موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێرانى تۆمەتبارکرد بەوەی
لەسەر ڕێچکەی باوکی دەڕواتو ڕێگەی بەزانایانی ئێرانیداوە بەرەو پێشەوە بڕۆن لەپەرەپێدانی
چەکی ئەتۆمیدا، ئهوهشى وت، "ئەو سیستمە ئەمنییەکەی لاداو ئێران جارێکی دیكه
هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی بۆمبە کوشندەکانی خۆی".
سهرۆك وهزیرانى ئیسرائیل باسى لهوهشكرد، "بۆیە تەنها یەک ڕێگه
هەیە بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشەیە بەتەواوی و بۆ هەمیشە، ئەویش ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە،
ئەمەش ئەو ڕێنماییو فەرمانەیە کە من ئاراستەی سوپای ئیسرائیل، مۆسادو دەزگا ئەمنییەکانم
کردوە".
