شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی ئێران، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەبڕیاری داخرانی دەروازەی
سنوریی شەیب لەگەڵ عێراق نیشانداو جەختیکردەوە، تاران هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی
لەسەر ئەم بڕیارە پێنەگەیشتوە.
زەینی وەند وتەبێژی وەزارەتى ناوخۆى ئێران لهکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاند، داخرانی دەروازەی سنوریی شەیب لەلایەن عێراقەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی
پێشوەختەی لایەنی ئێرانی جێبەجێکراوە، بابەتەکەش لەژێر بەدواداچونو لێکۆڵینەوەدایە.
وتیشى، "داخرانی کاتیی دەروازە سنورییەکان بۆ ماوەیەک کە لەنێوان
کاتژمێرێک بۆ چەند کاتژمێرێک بێت لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەبابەتێکی ئاسایی دادەنرێتو
لەحاڵەتی وادا پێویست ناکات لایەنی بەرامبەر پێشوەختە ئاگاداربکرێتەوە".
ئهوهشى ڕونكردهوه، "بهگوێرهى ڕێککەوتنامەی هاوبەشی نێوان
ئێرانو عێراق سەبارەت بەبەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان، ئەگەر بڕیاردرا هەر دەروازەیەکی
سنوریی بۆ ماوەی زیاتر لەڕۆژێک دابخرێت، پێویستە لایەنی بەرامبەر پێشوەختە لەم بڕیارە
ئاگاداربکرێتەوە".
زەینی وەند ڕونیکردەوە، داخرانی دەروازەی سنوریی شەیب هیچ
ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی بۆ لایەنی ئێرانی لەگەڵدا نەبوەو جەختیکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان
لەئێراندا بەردەوامن لەبەدواداچونی بابەتەکەو لێکۆڵینەوە لەوردەکارییەکانی دەکەن.
ئێوارەی ڕۆژى سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئەنجومەنی پارێزگای مەیان
ڕایگەیاندبوو، فەرمان لەحکومەتی فیدراڵییەوە دەرچوە بۆ داخرانی دەروازەی سنوریی شەیب
لەگەڵ ئێران، لەکاتژمێر شەشی بەیانیی دوێنێ چوارشەممەوە بۆ ماوەیەکی نادیار.
دەروازەی سنوریی شەیب کە لەلایەنی ئێرانیهوه پێی دەوترێت دەروازەی
چەزابە، دەکەوێتە نێوان پارێزگای میسان (عەممارە) لەباشوری ڕۆژهەڵاتی عێراقو پارێزگای
خوزستان (ئەهواز) لەباشوری ڕۆژئاوای ئێران، لەلایەنی عێراقەوە دەروازەکە سەر بەپارێزگای
میسانەو نزیکەی 40 کیلۆمەتر لەسەنتەری شارهكهوه دورە، لەلایەنی ئێرانیشهوه دەروازەکە
دەکەوێتە ناوچەی چەزابە کە سەر بەقەزای (دەشتی ئازادەگان)ەو نزیکەی 17 کیلۆمەتر لەشاری
بۆستانو 85 کیلۆمەتر لەشاری ئەهواز (ناوەندی پارێزگای خوزستان)هوه دورە،
ئەم دەروازەیە یەکێکە لەگرنگترین هێڵە بازرگانیو ئابورییەکانی نێوان
عێراقو ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵاو هاتوچۆی گەشتیاران لەباشوری وڵاتەکەدا.
