دەیان فڕۆكەی جەنگی ئیسرائیل گەیشتنە ئاسمانی عێراق

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرای كرد، دەیان فڕۆكەی جەنگی ئیسرائیلی لەئاسمانی سوریاوە گەیشتونە عێراق و تا نزیك سنورەكانی ئێران مەشق و ڕاهێنانیان كردووە.

كەناڵەكە لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە، سەرچاوە ئەمریكییەكان وتویانە، ئەو هێرشانە مانۆڕێكە كە مەبەست لێی ڕێگریكردنە لەجوڵەی ئێران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، فڕۆكە ئیسرائیلییەكان شەوی دووشەممە تا سێشەممە فڕینەكانیان ئەنجامداوە، هاوكاتە لەگەڵ سەردانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ ئیسرائیل.

هەرچەندە هەندێك لە بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریكی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەو جوڵانە ئاسایی بوون و مەبەستیان ڕێگریكردنە لە ئێران، بەڵام كەناڵەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەكرا ببێتە هۆی حیساباتی هەڵە لەلایەن ئێرانییەكانەوە و وەڵامدانەوەی ئێرانی ورووژاندبوایە و شەڕ دەستیپێكردایەتەوە.

بەپێی ئەو كەناڵە، ئەو جوڵانە ئامادەكارییە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و فڕۆكەكان بەسەر سوریا و عێراقدا فڕیون. كاتێك فڕۆكەكان لە سنوری ئێران نزیك بوونەوە، گەڕانەوە ئیسرائیل.