شارپرێس:
دوای هەڵکوتانەسەر کۆبونەوەیەکی مەدەنی کە کەسایەتییە
سیاسییو ئەکادیمییەکانی تێدابوو، ڕوانگهى عێراقی بۆ چاودێری دیموکراسی، هۆشداری
توند دەدات لەسەرهەڵدانی هەژمونی دیجیتاڵی ناڕەواو بڕیاریدا کارەکانی کۆنگرەکەی ڕابگرێت.
ڕوانگهى عێراقی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،
ئێوارەی ڕۆژى هەینی کەسێک هەڵیکوتاوەتەسەر هۆڵی کۆبونەوەکەیان کە تێیدا کەسایەتییە
سیاسیی، میدیایی، ئەکادیمیو نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەبون، دوای ئەوەش
هێزێکی ئەمنی چونەتە ناو بینای کۆبونەوەکە.
ئەم دەزگایە ڕوداوەکەی بەپێشێلکردنی
"حورمەتی گردبونەوەیەکی مەدەنی" وەسفکردو هۆشداریدا لەگەشەکردنی ئەوەی
ناوی لێنا "میلیشیا دەنگییەکان" کە مەبەست لێی ئەو لایەنانەیە پەنا دەبەنەبەر
هاندانی خەڵکو دروستکردنی فشاری ناڕەوا لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتو دەزگا ئەمنییەکان
لەدەرەوەی ڕێکارە یاساییو دامەزراوەییەکان.
ڕوانگهى عێراقی ئاماژەی بەوەشکردوه، مەترسیی
ڕوداوەکە تەنها لەهەڵکوتانەسەر هۆڵەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە "هەژمونی دیجیتاڵی"و
توانای وروژاندنی ڕای گشتیی (لەسۆشیاڵ میدیا) ببێتە ئامرازێک بۆ کاریگەریی
دروستکردن لەسەر بڕیارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لەبەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە، دەستوری عێراق
لەمادەی 38دا مافی کۆبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتییانەی مسۆگەرکردوە، داواشیکرد، کۆبونەوە
مەدەنییەکان بپارێزرێنو بەبێ مۆڵەتی دادوەر هەڵنەکوترێتەسەریان.
هەروەها ڕاشیگەیاند، بڕیاری هەڵپەساردنی کۆنگرەکەی
داوە تائەوکاتەی ڕێکاری فەرمی دەگیرێتەبەر بۆ گەرەنتیکردنی دوبارەنهبونەوەی ئەمجۆرە
پێشێلکارییانە، ئاماژەی بەوەشکردوه، هەموو بەڵگەو ڤیدیۆکانی لای خۆی، دەداتە لایەنە
پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف بکرێتو بەرپرسیاران سزابدرێن.
