گۆڕانكاریى لەپۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک دەکرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەگۆڕانکارییەکی نوێ لەلوتکەی هەرەمی سەربازیی کەرکوک دەکەن؛ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا کاندیدە بۆ ئەوەی ببێتە بەرپرسی نوێی دۆسیەی ئەمنیی کەرکوک‌و دەوروبەری.


سەرچاوەیەکی ئەمنی لەکەرکوک ئاشكرایكرد، بڕیارە بەمزوانە گۆڕانکاریی لەسەرکردایەتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکەدا بکرێت.

سەرچاوەکە وتویه‌تى، "زانیارییەکان ئاماژە بەکاندیدکردنی (فەریق ڕوکن عەلی فازڵ مەفرەجی) دەکەن کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەوایە، بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک".

به‌وته‌ى ئەو سەرچاوەیە، "مەفرەجی کە خەڵکی پارێزگای دیالەیە، لە 2ی ئەم مانگەوە (ئەیلول) فەرمانی سپاردنی ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکی بۆ دەرچوە".

لەحاڵەتی جێگیربونی بڕیارەکەدا، مەفرەجی دەبێتە شوێنگره‌وه‌ى (لیوا ڕوکن مەعد بەدای دەراجی) کە لە11ی ئایاری ڕابردوەوە پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکی وەرگرتبوو.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بەرپرسە لەپاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی‌و بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنی‌و سەربازییەکانی ناو پارێزگاکەو دەوروبەری تاوەکو قەزای دوزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدین.

تائێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی ئەم گۆڕانکارییەوە دەرنەچوەو زانیارییەکان چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی لایەنە سەربازییە تایبەتەکان دەکەن.

لەناوەڕاستی مانگی ئابی ڕابردودا، فەرماندە باڵاکانی سوپا لەبەغدا بڕیارێکیان دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بەتەواوی‌و گواستنەوەی سەرجەم یەکە سەربازییەکانی بۆسەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی "بادیە" کە تازە دامەزراوە.