شارپرێس:
هەواڵگریی ئیسرائیل پەردە لەسەر ترسناکترین
سیناریۆی تاران لادەباتو ڕایدهگهیهنێت، "ئێران خەریکی داڕشتنی پلانێکە بۆ
یەکخستنی حزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکانو میلیشیاکانی عێراق لەیەک هێرشی هاوکاتدا،
تاوەکو ئەوکارە تەواوبکەن کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بەتەنها دەستیپێکرد".
ماڵپەڕی (جێروزالەم پۆست) بڵاویکردوهتهوه،
هەواڵگریی ئیسرائیل پێیوایە، "ئێران ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی
بەرفراوانو هەماهەنگیکراو دژ بەئیسرائیل لەچەند بەرەیەکی جیاوازەوە لەیەک کاتدا،
ئەم سیناریۆیە هاوشێوەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی بزوتنەوەی حەماسە، بەڵام جیاوازییەکەی
ئەوەیە کە لەسەرەتاوە بەجۆرێک داڕێژراوە سەرجەم پێکهاتەکانی میحوەری ئێرانی تێیدا
بەشداربن".
بزوتنەوەی حەماس هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی
بەبێئەوەی بەرەکانی دیكهش لەهەمانکاتدا چالاکبن یان هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت ئەنجامدا؛
ئەگەرچی بیرۆکەی هەڵگیرساندنی جەنگێکی هەرێمی بەرفراوان دژ بەئیسرائیل پێشتریش هەبوە،
بهگوێرهى ئەو بەڵگەنامە ناوخۆییانەی حەماس کە دوای جەنگ لەکەرتی غەززە دەستیان بەسەرداگیراوە،
یەحیا سنوار هەوڵیداوە مەودای ڕوبەڕوبونەوەکە فراوانبکاتو گۆڕەپانەکانی دیكهش ڕابکێشێتە
ناو جەنگەکەوە.
یەکێک لەبەڵگەنامەکانی پلاندانانی حەماس جەختی لەسەر
پێویستی "بەستنەوەی بەرە دەرەکییەکانو ئامادەکاری بۆیان" کردوەتەوە بەتایبەت
(لوبنان، سوریاو سینا لهناوخاكى میسر) جگە لەڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر شێوازەکانی
پەیوەندیکردن لەکاتی ئاساییو کاتی جەنگدا، بەڵام ئەوەی دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە دەرکەوت
ئەوەبوو کە ئەم خولیاو ئاواتە نەبوەتە هەماهەنگییەکی تەواو پێش هێرشە کردەییەکە؛
چونکە خەمڵاندنە بڵاوکراوەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، ئێرانو حزبوڵڵا
ئاگاداری وردەکارییەکانی پلانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023و کاتی جێبەجێکردنی نەبون.
