پڕۆژەی ڕوناکی: نیوەی هاوڵاتیان لەمانگی کەمتر لە 29 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە لە مانگی حەوت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پڕۆژەی روناکی ئاماری پسولەکانی مانگی حەوتی کرێی کارەبای هاوڵاتییانی بڵاوکردەوەو دەڵێت، نیوەی هاوڵاتیان لەمانگی کەمتر لە 29 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە لە مانگی حەوت، هاوکات راشیدەگەیەنێت، زۆرینەی هاووڵاتیان ماوەی خولی پسولەکەیان نزیکەی 33 ڕۆژە.


پڕۆژەی روناکی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەم خولەدا، کێشەی پسولەی سفر بۆ ئەو هاوبەشانەی ئەو کێشەییەیان هەبوو چارەسەرکراوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی پسولەکردن بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا ".

ئەوەشخراوەتەڕوو، نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕوناکی کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارهێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە لە مانگی حەوت:

کەمتریان بۆ گەڕاوەتە لە (دینار)
کوردستان: 29,000
هەولێر: 31,000
سلێمانی: 27,000
دهۆک: 29,000
هەڵەبجە: 26,000
کەمتریان بەکارهێناوە لە (کیلۆوات کاتژمێر)
کوردستان: 406
هەولێر: 425
سلێمانی: 387
دهۆک: 408
هەڵەبجە: 363

پێشتر، حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنێکی بەڕێژەی تاوەکو 50٪ لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕوناکی دەستەبەرکرد، ئەم داشکاندنە لە ڕێکەوتی 10ی مانگی 9ی ساڵی 2026 کۆتایی دێت.

تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاوڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕوناکی.