شارپرێس:
سەرچاوە یەمەنییەکان بڵاویانکردەوە، درهنگانى شەوی ڕابردوو، دەیان هێرشی ئاسمانی کراوەتەسەر سەربازگە، کۆبونەوەو پێگەکانی چەکدارانی حوسی لەچەندین پارێزگای جیاوازی وڵاتەکە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
هێرشەکان لەپارێزگاکانی (بەیزا، مەئریب، زالێع، تەعیزو حودەیدە) چڕبونەتەوە، سەرچاوەکان دهڵێن، زۆربەی هێرشەکان سەربازگەی حوسییەکانی لەپارێزگای (بەیزا) کردوەتە ئامانج، هەروەها درێژبونەتەوە بۆ پێگەکانیان لەناوچەکانی (جوبە، عەبدییەو سرواح) لەپارێزگای مەئریب.
هاوکات، بۆردومانەکان پێگەکانی حوسییەکانیان لەپارێزگای زالێع گرتوەتەوە، لەگەڵ هێرشی سنوردار بۆسەر کۆبونەوەکانیان لەناوچەی (مەقبەنە) لەڕۆژئاوای تەعیزو (جەبەل دەباس) لەناوچەی حەیس لەپارێزگای حودەیدە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، پێکدادانی توند لەچەندین ناوچەی یەمەن لەنێوان گروپی حوسییەکانو هێزەکانی حکومەت سەریهەڵداوەتەوە، ئەم پێکدادانانە کە لەباشوری ڕۆژئاوای یەمەن چڕبونەتەوە، بونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 کەسو ناچارکردنی چەندین خێزان بۆ هەڵاتن لەماڵەکانیان.
دوو سەرچاوەی سەربازیی لەهێزەکانی حکومەت بەئاژانسی "فرانس پرێس"یان ڕاگەیاندوە، تەنها لەنێوان نیوەڕۆی شەممە تا بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 84 سەربازیی حکومەت کوژراون، لەبەرامبەردا، چوار سەرچاوە لەلایەنی حوسییەکانەوە کوژرانی 57 چەکداری خۆیانیان لەهەمان ماوەدا پشتڕاستکردوەتەوە.
ئەم پێکدادانانە بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵێکی ستراتیژییە کە دەچێتەوەسەر دەریای سور لەنزیک گەروی بابولمهندهب، ئەمەش بەقورسترین ڕوبەڕوبونەوە دادەنرێت کە وڵاتەکە بەخۆیەوە بینیبێت لەدوای تێکچونی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022.
