شارپرێس:
سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاندوە، لانیکەم 10 کەس برینداربون بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەک لەشارۆچکەی (دێر ئەلزەهرانی) لەنەبەتیە، ئەمەش دوای ئەوەهات کە ئیسرائیل هۆشداریدابوو بەچۆڵکردنی باڵەخانەکە بەبیانوی هەبونی چالاکی حزبوڵڵا تێیدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، سوپای ئیسرائیل فەرمانی بەدانیشتوانی شارۆچکەی دێر ئەلزەهرانی لەباشوری لوبنان کردبوو کە باڵەخانەیەکی دیاریکراوو باڵەخانەکانی دەوروبەری چۆڵبکەن، پێشئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی بکاتەسەر، ناوچەکە شاهیدی شەپۆلێکی کۆچکردنی خەڵک بوو دوای هۆشدارییەکەی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵای تۆمەتبارکرد بەتەقاندنی دوو درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بەرەو سەربازەکانی لەو (ناوچە ئەمنییە)ی کە لەباشوری لوبنان دروستیکردوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلەی بۆ دانیشتوانی شارۆچکەی دێر ئەلزەهرانی دەرکرد (کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لەباکوری ڕۆژئاوای شاری نەبەتیەوە دورە)، تێیدا داوای لەدانیشتووانی باڵەخانەیەکی دیاریکراوو دەوروبەری کردبوو دەستبەجێ چۆڵی بکەنو بەلانیکەم 500 مەتر لێی دوربکەونەوە.
ماوەیەکی کەم دوای ئاگادارکردنەوەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی توندیانکردەسەر باڵەخانەکە لەشارۆچکەکە کە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل وەک "ناوچەی ئەمنی" پێناسەی کردوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ تەقاندنی دوو درۆن لەلایەن حزبوڵڵاوە بۆسەر سەربازەکانیو ئەوکارەی حزبوڵڵای بەپێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەقەڵەمدا.
دوێنێ یەکشەممە، شەپۆلێکی خوێناوی لەهێرشەکانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو کە لەشاری نەبەتیەو دەوروبەری چڕبوبونەوە؛ سەرچاوە پزیشکییەکان کوژرانی لانیکەم ههشت کەسیان ڕاگەیاند کە دوو ئافرەتیان تێدایە، جیا لەبرینداربونی دەیان کەسی دیکە.
