یەکەی تایبەتی تاکتیکی ـ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق.. ئەندامەكانی لەكوێ كاردەكەن؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی کە بەشێوەی گشتی بڵاوکراوەتەوە، ئەم یەکەیە یەکەم تیمی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق بوە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق. ئەم یەکەیە لەساڵی 2004 دامەزراوەو دامەزراندنەکەی لەسەر دەستی محەمەد عەبدوڵڵا شەهوانی، سەرۆکی پێشوی دەزگاکە، بوە.


لەسەرەتای دامەزراندندا بە ناوی هێزەکانی دووپشکی ڕەش ناسراوە، پاشان ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ ئەو ناوەی کە ئێستا پێی ناسراوە، واتە یەکەی تایبەتی تاکتیکی.  ئەندامانی یەکەکەش بە ناوی شێرەکانی ڕافیدەین ناسراون.
دامەزراندنی یەکەکە لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) ئەنجام دراوە؛ بە مەبەستی پاکتاوکردن و دەستگیرکردنی گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەت بون.

ڕاهێنان و ئامادەکاری
ئەندامانی یەکەکە لەدەرەوەی عێراق، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی ئوردن، لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا ڕاهێنانیان پێکراوە.

لەماوەی ڕاهێنانەکاندا، لێهاتویی ئەفسەرو سەربازەکانی یەکەکە بۆ ئەوە پەرەپێدراوە کە وەک ئۆپەراتۆر و شەڕکەر کار بکەن. هەروەها زۆربەی ئەندامانی یەکەکە ئەزموونی فراوانیان لە بوارەکانی شەڕی دەرونی، کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ گومانلێکراوان و کارە هەواڵگرییەکان هەبوە.

هۆکاری ئەمەش ئەوە بوە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی یەکەکە پێشتر لەدەزگای هەواڵگری عێراقی پێشوودا کاریانکردوە، لەگەڵ ئەوەی کۆرس و خولی پێشکەوتوو تایبەتەکانی تریشیان تێپەڕاندوە.

نهێنییەتی ئۆپەراسیۆنەکان
هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم یەکەیە بە ئاستێکی زۆر بەرزی نهێنییەوە ئەنجام دراون. سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکەکەدا تێپەڕیوە، هێشتا وردەکارییە تەواوەکانی هیچ کام لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان بە شێوەی فەرمی و تەواو ئاشکرا نەکراوە. هەروەها ناو و ناسنامەی ئەفسەر و ئەندامانی ئەو هێزەی لە ڕیزەکانی یەکەکەدا خزمەتیان کردووە، بە شێوەی گشتی بڵاونەکراوەتەوە.

دوای شەهوانی
دوای ئەوەی محەمەد عەبدوڵڵا شەهوانی لە ساڵی 2009  دەزگاکەی بەجێهێشت، ئەم پێکهاتەیە بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی، تاوەکو لە ساڵی 2012  هەڵوەشێندرایەوە. هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەکە بە شێوەی فەرمی ڕانەگەیەنراون.

بۆیە هەموو ئەو شیکردنەوەو لێکدانەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەیەکی فەرمی کە هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو بڕیارە ڕون بکاتەوە، تەنها گریمانە و خەمڵاندنن.

دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکەکە
دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکەکە، ئەندامانی بەسەر چەندین لایەن و دامەزراوەدا دابەش کران. بەشێکیان گوازرانەوە بۆ پۆلیسی فیدراڵی، بەشێکی تریان لە دەزگای هەواڵگری مانەوە، لە کاتێکدا زۆربەی ئەندامانی یەکەکە گوازرانەوە بۆ دەزگای دژە تیرۆر. لەوێوە ئەو پڕوپاگەندەیە دروست بوو کە گوایە یەکەکە بە تەواوی گوازراوەتەوە بۆ دەزگای دژە تیرۆر.

ئەم قسەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕاستە، چونکە زۆربەی ئەندامانی یەکەکە لەناو یەکەی تایبەتی تاکتیکیی سەر بە دەزگای دژە تیرۆر، یان هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی عێراق، تێکەڵ و یەکخراون.

ئەوانەی لەخزمەتی سەربازی دەرچون
لەبەرامبەردا، بەشێکی تری ئەندامانی یەکەکە بڕیاریان دا ژیانی سەربازی بەجێبهێڵن. هەندێکیان عێراقیان بەجێهێشت و بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد، هەندێکی تریشیان لە ناوخۆی عێراق مانەوە.

دوای ئەوەی هەندێک لە ئەندامانی یەکەکە خزمەتی سەربازییان بەجێهێشت، تووشی هەڕەشە و هێرش بوونەوە.

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو یەکەیە لە لەلایەن جوڵانەوە و گرووپەکان دەرەوەی یاسا، گیانیان لەدەست دا؛ ئەمەش بە مەبەستی لەناوبردنی کادر و ئەندامانی ئەو یەکەیە ئەنجام دراوە.
ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوەکان.

یەکەکە لەماوەی چالاکیی خۆیدا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی تیرۆر، سیاسەتمەدارانی تێوەگلاو، سەرکردە باڵاکانی گرووپە چەکدارەکان و تۆڕە پەیوەندیدارەکانیان بدۆزێتەوە و دەستگیریان بکات.

سەرەڕای ئەو ژمارە زۆر لە ئۆپەراسیۆنە هەستیار، تایبەت و سەرکەوتووەکان، کۆتایی یەکەی تایبەتی تاکتیکی بە شێوەیەکی ناڕوون ماوەتەوە.

کۆتایی ڕێڕەوی یەکەکە بەهەڵوەشاندنەوەو تێکدانی پێکهاتەکەی بوو؛ و دوای ئەوە ئەندامانی یەکەکە بۆ هەمیشە لەیەکتر جیا بونەوە.